لە کۆیە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کراونەتەوە و خۆپارێزی بە هاووڵاتییانەوە نابینرێت

دوو کەس لە سنووری قەزای کۆیە تووشی کۆرۆنا بوون
kurdistan24.net

K24 - کۆیە

پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، وایکرد جارێکی دیکە ڤایرۆسەکەی لە کۆیە دەربکەوێتەوە و دوو کەس تووش بوون.

تووشبوونی دوو کەسەکە لە سنووری قەزای کۆیه لەکاتێکدایە، پێشتر توانرابوو لەئاستێکی باش ڤایرۆسەکە لەو قەزایە کۆنترۆڵ بکرێت.

فەرمانگەی تەندروستیی کۆیە هەڵکشانی حاڵەتەکانی تووشبوون بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەکان دەگێڕێتەوە.

کۆیه، یەکەم قەزابوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە تووشبوویەک بە ڤایۆسی کۆرۆنای لێ تۆمارکرا، بەڵام دواتر بەباشی رێ لە بڵاوبوونەوەی گیرا، ئێستاش بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی شارەکە ترسی خۆی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە ناشارێتەوە، ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێکارە تەندروستییەکان نەبن و خۆیان نەپارێزن.

 

هـ.ر.