بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی: زۆربەی نەخۆشەکانمان گەنجن و تەنگەنەفەسن

"دوێنێ شەو بە سێ پیکئەپ و لۆرییەک هەر ئۆکسجینیان دەهێنایە ئەو نەخۆشخانەیە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوێنێ لە سلێمانی زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا لەماوەی شەو رۆژێکدا تۆمارکرا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆناش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێ، زۆبەری نەخۆشەکانیان گەنجن و تەنگەنەفەسن، پێویستییان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە.

دوێنێ شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا لە سنووری سلێمانی تۆمارکرا، بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدان بەو پەتایە لە سنووری سلێمانی گەیشتە 22 کەس. بەشێوەیەکی گشتی ژمارەیەکی زۆری تووشبووانی پەتاکە لە سلێمانی ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و پێویستییان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە.
ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ تاهیر عەلی وەلی بەگ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 رایگەیاند: "بەداخەوە ژمارەی تووشبووان بەردەوام لە هەڵکشانە، ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا، کە رەوشیان ناجێگیرە، لەو نەخۆشخانەیەی ئێمەن و ئەوانەی رەوشیان ناجێگیرتریشە لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆن".

ئازاد هەورامی باس لەوە دەکات "بەگشتی زۆربەی نەخۆشەکانمان ئێستا تەنگەنەفەسن و ئۆکسجینیان بۆ بەکاردەهێندرێت، کە بەداخەوە رێژەی زۆریان گەنجن".

لەبارەی گریانی دوێنێی، کە ئایا بەهۆی مەترسیی دۆخەکە بووە، ئازاد هەورامی دەڵێ "بەهۆی ئەوە بوو یەکێک لە هاوکارەکانمان دایکی بە کۆرۆنا لەدەستدا، گریانی بەکوڵی ئەو، منی بەگریان هێنا".

رەوشی بەشێکی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی بەجۆرێکە کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ تاهیر دەڵێ "دوێنێ شەو ئۆکسجینمان لە شاردا نەهێشتبوو، هەموومان هێنابووە ئێرە: سێ پیکئەپ و لۆرییەک هەر خەریک بوون ئۆکسجینیان دەهێنا، چونکە هەرچی نەخۆشمان هەیە، لەپڕ هەموویان پێویستیان بە ئامێری ڤێنتیلێتەر بوو، کە ئەوەی شارەزای ئەو ئامێرە بێت، دەزانێت چەندە پێویستی بە ئۆکسجینە".

ئێستا 621 تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی هەن، کە 73ـیان دوێنێ تووشبوونیان راگەیەنراوە، بۆیە ئازاد هەورامی جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر پابەندی رێنماییەکان نەبن و خەڵک بە قسەمان نەکات، مەترسی زیاتر لەسەر سلێمانی هەیە".

 

هـ.ر.