كۆمەڵێك پێشنیاز ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێن

سەرۆكایەتی پەرلەمانی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكەن. ھەروەھا كۆمەڵێك پێشنیاز بۆ كارنامەی كۆبوونەوەكانی داھاتوو ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراون.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان باس لە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و كارنامەی یەكەم كۆبوونەوە بكرێت".

گوتیشی: "كۆمەڵێك پێشنیاز لەلایەن پەرلەمانتار و فراكسیۆنەكان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراون، یەكێك لە داواكان كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانیش باسكراوە، میوانداری كردنی وەزیری تەندروستییە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەمەبەستی خستنەڕووی بارودۆخی تەندروستی بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پلانی داھاتوویان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە".

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر سەرۆك فراكسیۆنەكان لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمان رێكبكەون، پێشنیازی ئەوەشكراوە كە شاندی حكومەت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق میوانداری پەرلەمان بكرێن، بۆ ئەوەی دوایین زانیاری لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا بخرێتەڕوو، ھاوكات پێشنیاز كراوە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەك لەبارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان رێكبخات".

ھۆشمەند سادق، راشیگەیاند: "بەوھۆەیی كە كارمەندێكی پەرلەمان تووشی كۆرۆنا بووە، ئەمڕۆ تیمیكی پشكنین ھاتوونەتە پەرلەمان و پشكنین بۆ پەرلەمانتار و ئەو كارمەندانەی كە بەركەوتنیان لەگەڵ كارمەندەكە ھەبووە".

ھ.م