ئەنجامی پشكنینی پەرلەمانتارانی كوردستان ئاشكرا دەكرێت
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی كارمەندێكی پەرلەمانی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوو، دوێنێ پشكنین بۆ پەرلەمانتار و كارمەندانی پەرلەمان كرا، شەوی رابردوو پشكنینی زۆربەیان ئاشكرا كرا و نێگەتیڤ دەرچووە، بڕیارە ئەمڕۆش ئەنجامی ھەموویان ئاشكرا بكرێت.
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "تیمێكی وەزارەتی تەندروستی پشكنینی بۆ 200 پەرلەمانتار و كارمەندی پەرلەمانی كوردستان كردووە و شەوی رابردوو ئەنجامی پشكنینی 100 كەسیان دەرچووە كە بەشێكی زۆری پەرلەمانتارن، ئەنجامەكان ھەموویان نێگەتیڤ بووە و لەو ژمارەیە ھیچ كامیان ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبوونە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "ھێشتا ئەنجامی پشكنینی 100 پەرلەمانتار و كارمەندانی پەرلەمانی كوردستان دەرنەچووە و بڕیارە بۆ كاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینی ھەمووان ئاشكرا بكرێت".
ئەمە لەكاتێكدایە بڕیاربوو دوێنێ كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكەن، بەڵام بەھۆی تووشبوونی كارمەندێكی پەرلەمان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبوونەوەكە دواخرا.
ھ.م