لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەکەی هەولێر کەسێک گیانی لەدەستدا

25 کەس بە ئۆتۆمبێلی بە پەیژە رزگارکران

K24 - ھەولێر

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی کوردستانی هەولێر کەوتەوە، لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و تیمەکانی فریاکەوتن توانیان 25 کەس رزگاربکەن.

رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان 24ـی رایگەیاند "ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و تەنیا دووکەڵەکەی ماوە کۆتایی بێت. لە رووداوەکەدا بەداخەوە هاووڵاتییەکی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستداوە، ئەو خێزانانەی دیکە کە لە ئەنجامی ئاگرەکە لە سەرەوەی هۆتێلەکە گیریان خواردبوو و ژمارەیان زیاتر لە 25 کەس بوو، هەموویان لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بە پەیژە رزگارکران".

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە شوێنی رووداوەکەوە ئاشکرای کرد "بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا ئەمجۆرە رووداوانە روودەدەن، ئەمڕۆ ئەوە نۆیەمین رووداوی سووتانە لە سنووری هەولێر رووبدات".

لەبارەی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، قایمقامی هەولێر گوتی "ئەو کەسە لە خەودا بووە، کێشەکە لە چڕیی دووکەڵ بووە بۆیە گیانی لەدەستداوە".

تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کاتژمێر 12:15ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 11-6-2020) لە بوونی ئاگرەکە ئاگادارکراونەتەوە، بەگوتەی بەرپرسانی تیمەکانی فریاکەوتن، دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، قایمقامی هەولێر دەڵێ "ئەگەر هیمەتی تیمەکان نەبووایە، ئەمڕۆ کارەسات روویدەدا".

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە سەرەتا لە نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەکە سەریهەڵداوە، کە شوێنی فرۆشتنی کەلوپەلی ئەلیکترۆنییە.

 

هـ.ر.