یوێفا وادەی کۆتایی هاتنی گواستنەوەکانی ئەم هاوینەی دیاریی کرد

یانەکان پێویستە تاوەکو ئەو کاتە خۆیان یەکلایی بکەنەوە

فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەوروپا یویفا بە فەرمی وادەی داخستنی بازاری گواستنەوەکانی ئەوروپای دیاریی کرد و وادەکەش سەرەتاکانی مانگی دەی ئەمساڵ دەبێت.

ماڵپەری فەرمی یەکێتی تۆپی پێ ئەوروپا بڵاویکردەوە لە ڤیدیۆ کۆنفڕانسی یەکەتیەکەیان لەگەڵ ئەندامەکانیان بریاردا کە شەشی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دوا وادەی گواستنەوەکانی هاوینەی ئەمساڵ بێت و ئەو یانانەی کە بەشدارن لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ، پێویستە تاوەکو وادەی دیاریکرا کۆتایی بە گواستنەوەکانیان بێنن.

پێشتر یوێفا سەرەتای مانگی حەوتی وەکو وادەی دەست پێکردنەوەی بازارەکانی هاوینەی دیاری کردووە، هەرچەندە ساڵانە سەرەتای مانگی شەش وادەکە دەستی پێدەکرد، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دواخستنی یارییەکان، بریاردرا کە وادەی هاوینەی گواستنەوەی یاریزانەکانیش دوابخرێت.