دوو یاریزان لە هەڵبژاردەی عێراق دوور خرانەوە

بە هۆی گاڵتە کردن بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا

بە هۆی گاڵتە کردن بە نەخۆشی کۆرۆنا و بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر ئەم بابەتە، لیژنەی تەمبێکاری لە فێدراسیۆنی تۆپی پێ عێراق بریاریداوە هەردوو یاریزان زەرغام ئیسماعیل و هەروەها عەلا مەهاوی لە ریزی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان دوور بخەنەوە و هەروەها سزای پێ بژاردنیش کراون.

ماڵپەری فورات نیوزی عێراقی بڵاویکردووە ئەو دوو یاریزانەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان ماوەیەک پێش ئێستا گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووە و ولە گرتەکەدا گاڵتە بەو کەسانە دەکەن کە خۆیان لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەپارێزن و هەروەها سوکایەتی بە تیمە تەندروستیەکان دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ولاتەکەیان رۆژانە سەدان کەس گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسە دەبێت و پێشتریش عەلی هادی راهێنەر بەم نەخۆشیە کۆچی دوایی کردووە و ئێستاش ئەحمەد رازی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەکەیان لە نەخۆشخانەدایە.

سەرچاوەکە ئەوەشی بڵاوکردووە دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەر زوو بریاری دوورخستنەوەیاندرا و بە بڕی دوو ملیۆن دیناریش پێ بژاردن سزا دران.