بارسێلۆنا داوا دەکات رێگە بە هاندەرەکانیان بدرێت لە یاریگەکان ئامادەبن

بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید داوا کراوە

بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا داوایان لە ئەنجومەنی لالیگا کردووە لەو یارییانەی کە ماون رێگە بە هاندەران بدەن لە یاریگەکان ئامادەبن.

رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردووە بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا داوایان لە ئەنجومەنی لالیگا کردووە لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە رێگە بە بەشێک لە هاندەران بدرێت ئامادەی یارییەکە بن، چونکە حکومەتی وڵاتەکەیان رێگە بە هاونیشتیمانیەکانیانداوە لە شوێنە گشتیەکانیش کۆ ببنەوە، بە مەرجێک دووری نێوان هەر کەسێک مەتر و نیوێک بۆ دوو مەتر بێت، ئەو کات ئەوانیش ئەو رێنماییە لە کامپ نۆ جێبەجێ دەکەن.

یارییەکەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە گەڕی 33ی لالیگا دەکرێت و پێشتریش خاڤیەر تێباس سەرۆکی ئەنجومەنی لالیگا رایگەیاندبوو لە هەوڵی ئەوەدان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەیان بەشێک لە یارییەکانی ئەم وەرزە رێگە بە رێژەیەکی دیاریی کراوی هاندەران بدرێت لە یاریگەکان ئامادەبن.