'' ریال مەدرید گلەیی و رەخنەکانی یاریزانان و راهێنەرەکانی بارسێلۆنای بە دڵە ''

یاریزانانی بارسا خزمەت بە رکابەرەکەیان دەکەن

دوای بردنەوەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ریال سۆسیداد بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک و وەرگرتنەوەی پێشەنگایەتی لە بارسێلۆنا، بەشێک لە یاریزانان و راهێنەرانی ئەو یانەیە رەخنە و گلەییان لە ئاستی ناوبژیوانەکانی یارییەکە هەیە، بە شێوەیە نزیکەی 24 کاتژمێرە بەردەوام باسی گۆڵەکەی کەریم بێنزیما دەکەن.

رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا بڵاویکردووە ئەم هات و هاوارەی بەشێک لە یاریزانان و راهێنەرانی بلاوگرانا بە دڵی یانەکەی رکابەرەیان واتە ریال مەدریدە، چونکە بە بڕوای ئەوان دوو کوتلە لە نێو ئەو یانەیە دروست بووە، یەکێکیان تەنها ئامانجیان ئەنجامەکانی ریال مەدریدە کە ئەمەیان کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر دەبێت، کوتلەکەی دووەمیش ئەوانەن کە تەنها بیر لە ئەنجامەکانی یانەکەیان دەکەنەوە و هیچ کێشەیان نیە.

رۆژنامە کەتەلۆنیەکە ئەوەشی بڵاوکردووە ئەم دوو کوتلەیە گەورەترین سوود بە ریال مەدرید دەگەینن، چونکە دەبێتە خاڵێکی بە هێز بۆ یاریزانەکانی ئەو یانەیە و وادەکات لە یارییەکانی داهاتوو بە گڕ و تینێکی زیاترەوە رووبەرووی رکابەرەکانیان ببەنەوە و لە کۆتاییشدا نازناوی لالیگا بەرز دەکەنەوە.