هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە پاکستانییەکە: دوو فڕۆکەوانەكە خەریکی قسە بوون لە بارەی کۆرۆنا

K24 - هەولێر

راپۆرتی سەرەتایی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەیربەس لە باشووری پاکستان دەریدەدات، بەهۆی هەڵەیەکەوە لە دوو فڕۆکەوانەکەوە، فڕۆکەکە کەوتووەتە خوارەوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 97 کەس.

فڕۆکەکە سەر بە هێڵی ئاسمانیی پاکستان بوو و مانگی رابردوو بەسەر گەڕەکێکی نزیک فڕۆکەخانەی گەورەی کەراتچی لە باشووری پاکستان کەوتە خوارەوە، لەئەنجامدا هەموو سەرنشینەکانی جگە لە دوو کەسیان، گیانیان لەدەستدا.

غوڵام سەروەرخان، وەزیری فڕۆکەوانیی پاکستان بە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند "دوو فڕۆکەوانەکە لەکاتێکدا هەوڵی نیشتنەوەیان داوە، خەریکی قسەکردن بوون لەبارەی پەتای کۆرۆنا، دواتر بەرنامەی فڕۆکەوانی ئۆتۆماتیکیان لە فڕۆکەکە جیاکردووەتەوە".

هەروەها روونی کردەوە "فڕۆکەوانەکە و فڕۆکەوانە یارمەتیدەرەکەی بەتەواوی هۆشیان لەسەر کارەکەیان نەبووە، هەردووکیان باسی ڤایرۆسی کۆرۆنایان کردووە و پەشۆکاو بوون، چونکە خێزانی هەردووکیان کاریگەر بوون بە کۆرۆنا".

تیمێکی لێکۆڵەری پاکستانی کە بەرپرسانی حکومەتی فەرەنسا و کەرتی فڕۆکەوانی ئەو وڵاتەشیان تێدابوو، لێکۆڵینەوەکەیان لە داتاکانی فڕۆکەکە و تۆمارە دەنگییەکانی شوێنی فڕۆکەوانەکان کردووە و ئەوەی ئاشکرا کراوە، راپۆرتی سەرەتاییە.