لە گوندێکی زاخۆ شەڕ لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا روویدا

"هەردوولا چەکی سووک و قورسیان لەدژی یەکدی بەکارهێناوە"

K24 - زاخۆ

لە گوندی شەڕانش-ی سەر بە ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆ، شەڕ لەنێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا روویدا.

شەڕەکە کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (هەینی، 27-6-2020) لەو گوندە روویداوە، بەگوتەی شاهێدحاڵێک بۆ کوردستان24 کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت "شەڕەکە زۆر دژوار بووە، ھەردوولا بە چەکی قورس و سووک رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاند".

زێرەڤان موسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار لەمبارەیەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و پشتڕاستیکردەوە "لە شەڕەکەدا چەکی سووک و قورس بەکارهاتووە، دواتر لە لایەنی تورکیاوە تۆپبارانی شوێنەکە کراوە و هەتاوەکو ئێستاش نازانین زیانی گیانی هەبووە یان نا".

گوندی شەڕانش بە دووریی 20 کیلومەتر دەکەوێتە باکووری خۆرھەڵاتی قەزای زاخۆ، کە 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی دەرکار دوورە، پێشتر نزیکەی 70 خێزانی مەسیحی و 20 خێزانی موسڵمان لە گوندەکەدا دەژیان.

تورکیا زیاتر لە هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەشەوە چەند گوندێکی سنووری ناوچەی حەفتەنین لە زاخۆ چۆڵ کراون و خەڵکەکەی ئاوارە بوون، ئەمە جگە لەوەی پێنج هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە شەهید بوون.