دوو تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاشکرای کرد دوو تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا، بەمەش کۆی ئەوانەی ئەمڕۆ لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 14 کەس.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان 24ـی راگەیاند: کەمێک پێش ئێستا دوو تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا، کە دوو پیاوی تەمەن 72 ساڵ و 55 ساڵن و ھەردووکیان خەڵکی سلێمانین.

تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی مانگی ئایارەوە لە هەرێمی کوردستان زۆر زیادی کردووە، بەجۆرێک تائێستا زیاتر لە3182 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی تووشبووەکانیش لە پارێزگای سلێمانین.