دڵنیایی دەدرێتە جوتیارانی ھەولێر

"رێگەنادەین گەنمی جوتیاران هەرزانفرۆش بکرێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر بە وەکالەت، جوتیارانی دڵنیا دەکاتەوە، شایستەی دارایی گەنمی ئەمساڵیان نافەوتێ،  پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، ئەمساڵ رێگا نادەن گەنمی جوتیاران ھەرزان فرۆش بکرێت.

لەماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا زیاتر لە 27 ھەزار تۆن گەنمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای ھەولێر وەرگیراوە. رۆژانە بە بەردەوامی لە سایلۆی ھاوچەرخی ھەولێر گەنمی جوتیاران وەردەگیرێت، چاوەرێش دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حەوت پرۆسەکە کۆتایی بێت.

ھێمن سەید موراد، بەرێوەبەری سایلۆی ھەولێر بە وەکالەت بە كوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا ھیچ كێشەیەك لە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران نییە، چاوەڕوانین لە ماوەیەكی نزیكدا شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیاران وەربگیرێت".

لیژنەیەک بەناوی لیژنەی باڵای بە بازاڕکردنی گەنم لە پارێزگای ھەولێر، چاودێری پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سنووری ھەولێر دەکات، بەڵێنیان داوە ھیچ جوتیارێک گەنمەکەی ھەرزانفرۆش نەکرێت و رێگاش نادەن ھیچ جوتیارێک رەنجی ئەمساڵی بەفیڕۆ بچێت، بۆیە پرۆسەکەیان خێراترکردووە.

لەوبارەوە فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر دەڵێت: "ھەموو جوتیاران دڵنیا دەكەینەوە بە باشی بەڕێوەبچێت و كەمترین بەریەك كەوتن رووبدات، ھەروەھا پرۆسەكە لەكاتی خۆی و بە كەمترین رۆتین بۆ جوتیاران بەڕێوەبچێت".

ئەمساڵ 350 ھەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت، لەو رێژەیە 110 ھەزار تۆن گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگای ھەولێرە، بە بەراورد بە ساڵی رابردووش رێژەی وەرگرتنی گەنم 50 ھەزار تۆن زیاد کراوە، سێ جۆر گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت، کە بەپێی جۆر و کوالێتی گەنمەکە نرخی جیاوازی بۆ داندراوە.