بەریتانیا پاڵپشتی لە کازمی دەکات

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: گرووپی چەکدار رێگری دەکەن لە گەشەسەندنی ئابووری

K24 - هەولێر

ئاڵۆزی لەنێوان چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی و سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق گەیشتە ئەو رادەیەی بەرەبەیانیی دوێنێ دژەتیرۆری عێراق ژمارەیەک چەکداری گرووپێکی حەشدی شەعبی لە بەغدا دەستگیربکات، بەریتانیاش پاڵپشتی لە کازمی دەکات لەوەی گرووپی چەکدار دەبنە هۆی رێگری لە گەشەسەندنی ئابووری.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە توویتێکدا دەڵێ هەتاوەکو ئاسایش نەبێت و گرووپی چەکداری لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبن، ئەو گەشەسەندنە ئابوورییە بەدەست نایەت، کە شایستەیە بە عێراقییەکان.

ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئەمڕۆ (شەممە، 27-6-2020) لە توویتێکدا دەڵێ "ناتوانرێت سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگە ئابوورییەکان بەدەستبێت، کە رووبەڕووی هەر وڵاتێک دەبنەوە ئەگەر کێشە ئەمنییەکانیش چارەسەر نەکرێن. هەتاوەکو ئاسایش نەبێت و گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبن، وەبەرهێنان و هەلی کار و گەشەسەندنی ئابووریی بەردەوام بەدەست نایەت کە شایەنی عێراقییەکانە".

گوتەکانی ستیڤن هیکی لەکاتێکدان دوێنێ پایتەختی عێراق زۆر ئاڵۆز بوو. دژەتیرۆر و هەواڵگیریی عێراق، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای سەرەکیی کەتائیب حزبوڵڵا کە گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبییە و 14 کەسیان لێ دەستگیرکردن.

دواتر، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان روونکردنەوەیەکی لەبارەی شەڕەکە بڵاوکردەوە و بەبێ ئەوەی ناوی حەشدی شەعبی بهێنێ، گوتی "ئەوانە هێزێکی لە یاسا دەرچوون و بە فەرمانی دادگا دەستگیرکراون".

لەبەرامبەردا قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌منیداری گشتیی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی ئەو بڕیاری دەستگیرکردنەکەی داوە و، گوتی "هیچ كام له‌ یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومه‌تیان نه‌كردووه‌ته‌ ئامانج، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كراوه‌ته‌ ئامانج، باره‌گای هێزه‌كان و باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مەریكا بووه‌".

درەنگانی دوێنێ شەویش سەرۆك وەزیرانی عێراق هەر بە تەلەفۆن، ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراقی گۆڕی، لەکاتێکدا ئەم پۆستانە بە تەوافوقی لەنێوان حیزبەکان دادەندران.