لە ئەمەریکا سێ کەس بەهۆی خواردنەوەی شلەی پاکژەرەوەی دەست گیانیان لەدەستدا

کەسێکیش بۆ هەمیشە کوێر بوو

K24 - هەولێر

لە ویلایەتێکی ئەمەریکا سێ کەس بەهۆی خواردنەوەی شلەی پاکژکەرەوەی دەست (موعەقیم) گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش کوێر بوو.

لە راگەیەندراوێکدا بەشی تەندروستیی نیو مەکسیکۆ رایگەیاند جگە لە گیانلەدەستدانی سێ کەسەکە و کوێربوونی کەسێکی دیکە "سێ کەسی دیکەش لە رەوشێکی زۆر خراپی تەندروستیدان، هەر حەوت کەس شلەی پاکژکەرەوەی دەستیان خواردووەتەوە، کە پێمانوایە ماددەی مێسانۆلی تێدا بووە".

میسانۆل پێکهاتەیەکی کیمیاییە کە سەر بە گرووپی کهوولەکانە و لە زۆر پیشەسازیی جیاوازدا وەکو ماددەی خام بەکاردێت. خۆی ژەهراوی نییە، بەڵام کاریگەرییە ژەهراوییەکە دەگەڕێتەوە بۆ کارلێکی کیمیایی، چونکە میسانۆل کە کارلێک دەکات دەبێتە ماددەیەکی ژەهراوی بەناوی فۆرماڵدیهاین کە 33 ئەوەندەی میسانۆل ژەهراوییە.

سەنتەری ژەهر لە نیو مەکسیۆکو لە چەند هەفتەیەکی مانگی ئایاردا کەیسی ئەو حەوت کەسەی پێگەیشتووە کە پەیوەندییان بە "ئاڵوودەبووان بە کەهوولەوە هەبووە"، بەڵام بەرپرسانی تەندروستیی ویلایەتەکە هیچ زانیارییەکی دیکەیان لەبارەی ئەو قوربانییانە و شوێنی دیاریکراوی ژەهراویبوونیان ئاشکرا نەکردووە.

کاسی کەنکڵ، بەرپرسی تەندروستیی ویلایەتەکە لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دەدات، دەڵێ "ئەگەر پێتوایە ماددەیەکی پاکژکەرەوەی دەستت خواردووەتەوە کە ماددەی میسانۆلی تێدایە، تکایە داوای یارمەتی پزیشکی بکە، ماددەی دژی ژەهری مێسانۆل هەیە و هەتاوەکو زووتر وەریبگری، چانسی چاکبوونەوەت زیاتر دەبێت".

بەهۆی بوونی کهوول لە پێکهاتەکەیدا، شلەی پاکژکەرەوەی دەست ناسراوە بەوەی هەندێک کەسی تووشی ژەهراویبوون کردووە، پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهان، شلەی پاکژکەرەوەی دەست لە زۆربەی گرتووخانەکانی ئەمریکا قەدەغە بوو، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتداران ترسیان هەبوو لەوەی زیندانییەکان دەیخۆنەوە یان ئاگری پێدەکەنەوە، بەڵام سەنتەری کۆنترۆڵ و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان، پێشنیازی کردبوو یاساکان کەمێک سووکبکرێن و رێگە بە زیندانییەکان بدرێت ماددەی پاکژکرەرەوەی دەست بەکاربهێنن بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بگرن.