وەزارەتی تەندروستی ھۆشداری دەدات

ئێستا‌ 3 ھەزار و 811 تووشبووی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ھەرێمی كوردستانن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ھۆشداری لە زیادبوونی رێژی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات لە كارەساتێكی گەورە نزیك دەبینەوە.

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە كوردستان24ی رایگەیاند: "ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەڵكشان دایە، ئێستا‌ 3 ھەزار و 811 تووشبووی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ھەرێمی كوردستانن".

 ئاماژەی بەوەشكرد: "مەترسی ڤایرۆسەكە لە تووشبووە بێ نیشانەكان دایە، چونكە جگە لەوانەی دەستنیشان دەكرێت، بێگومان چەندین دیكەی تووشبوو ھەن، كە نیشانەیان نییە، ئەمانەی كە نیشانەیان نییە دیار نین و خەڵكی دیكە تووش دەكەن، بێ ئەوەی ھەستی پێبكرێت، بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات لە كارەساتێكی گەورە نزیك دەبینەوە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختیكردەوە: "ئێستا شەڕی كۆرۆنا شەڕێكی تاكە كەسییە، بێگومان شەڕی كۆرۆنا بە تەنیا بۆ وەزارەتی تەندروستی ئەو شەڕە زۆر قورس دەبێت".

راشیگەیاند: "ئەگەر ژمارەكان بەو خێراییە زیاد بكات، دۆخەكە لە دەرەوەی توانای وەزارەتی تەندروستی دەبێت، ھاووڵاتییان بڕیار دەدەن ئەم دۆخە بە كوێ دەگات".

لەبارەی ئەو ڤاكسینەی وڵاتی رووسیا دروستی كردووە و بڕیارە رەوانەی عێراقی بكات، د. محەمەد قادر گوتی: "رووسیا توێژینەوەی لەسەر ئەو دەرمانە كردووە كە پێشتر بۆ چارەسەری ئەنفلۆزیا بەكارھێنراوە، دوای توێژینەوە دەركەوتووە ئەنجامی باشی ھەبووە، ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە كۆمپانیا ناوخۆییەكان بەرھەمی بێنن، بۆ ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی كوالێتی دەرمانەكە گرنگە ".

ھ.م