بەڤیدیۆ.. ژن و پیاوێکی سپیپێست بەزەبری چەک خۆپیشانەرە رەشپێستەکان دووردەخەنەوە
K24 - هەولێر
ژن و پیاوێکی سپیپێست لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەون، کە بەزەبری چەک هەوڵی دوورخستنەوەی خۆپیشاندەرانی رەشپێست دەدەن، کاتێک بەنزیک کۆشکەکەیاندا رەتدەبن.
چەند ڤیدیۆیەکی ئەو ژن و پیاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، کە لەلایەن خۆپیشاندەرەکانەوە وێنەیان گیراوە، تێیدا ژن و پیاوەکە بە چەکەوە هەڕەشەیان لێدەکەن و داوا دەکەن لە ماڵەکەیان دووربکەونەوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵ، ناسنامەی ژن و پیاوەکەی ئاشکرا کردووە؛ ناویان پاتی و مارک ماککۆڵسییە، هەردووکیان پارێزەرن و لە ماڵەکەی خۆیاندا لە سانت لویس کۆمپانیاکەیان بەڕێوەدەبەن.
بەگوتەی خۆپیشاندەران، ئەوان بەبێ کێشە بە لای کۆشکەکەی ئەو ژن و پیاوەدا رۆیشتوون و لەرێگەیان بوون بۆ ماڵی لیدا کروسۆنی پارێزگار تاوەکو داوای لێبکەن دەستلەکاربکێشێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ ئەو، ناو و ناونیشانی چەند کەسێکی بڵاوکردبووەوە، کە پێشنیازیان کردبوو بەشی پۆلیس پارەدار نەکرێت.
خۆپیشاندانی رەشپێستەکانی ئەمریکا و هاوسۆزانیان لەدوای کوژران جۆرج فلۆید، پیاوێکی بێ چەکی رەشپێست لەلایەن پۆلیسێکی سپیپێستەوە لە کۆتاییەکانی مانگی ئایارەوە بەردەوامە. خۆپیشاندانەکان ئاڵۆزییەکی وایان دروستکردووە، بەگوتەی شارەزایان دەیان ساڵە ئەمریکا خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی وای بەخۆیەوە نەبینیوە. رەشپێستەکان دەڵێن هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە بەپێی یاسا مافی یەکسانیان پێدراوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەو یەکسانییە رەنگی نەداوەتەوە و زۆرجار ستەمیان لێدەکرێت.