ئێران فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ترەمپ دەردەکات

داوا لە ئینتەرپووڵ دەکات یارمەتیی بدات

K24 - هەولێر

ئێران فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەرکرد و داواشی لە ئینتەرپووڵ کرد یارمەتی بدات لە دەستگیرکردنی.

عەلی ئەلقاسی میهر، داواکاری گشتی لە تاران، ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-6-2020) رایگەیاند، ترەمپ و زیاتر لە 30 کەسی دیکە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هێرشێک لە 3ـی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و کوشتنی قاسم سولەیمانی.

ئاژانسی ئیسنای نیمچە فەرمیی ئێران، هەواڵەکەی لەسەر زاری عەلی ئەلقاسمی میهر بڵاوکردووەتەوە، ناوی هیچ کەسێکی دیکەی جگە لە ترەمپ ئاشکرا نەکردووە، کە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکە و کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران تۆمەتباریان دەکات.

ئەلقاسمی میهر جەختی کردەوە لەوەی "ترەمپ لە سەرۆکایەتیش نەمێنێت، هەر بەشووێنییەوە دەبن تاوەکو دەستگیردەکرێت".

ئینتەرپووڵ، کە بنکەی سەرەکیی لە شاری لیۆنی فەرەنسایە تاوەکو ئێستا هیچی لەبارەی داواکارییەکە نەگوتووە، بەڵام پێناچێت داواکارییەکەی ئێران جێبەجێ بکات، چونکە بەپێی یاسا گشتییەکانی، "نابێت هیچ جۆرە دەستوەردانێک یان چالاکییەکی سیاسی بکات".

ئەمەریکا سەرەتای ئەمساڵ لە هێرشێکی ئاسمانیدا قاسم سولەیمانیی کردە ئامانج و لە بەغدا کوشتی. کوشتنەکەش دوای چەند مانگێک بوو لە ئاڵۆزیی زۆر لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا.