ماددەی هۆشبەر لە وڵاتانەوە لەنێو مەکینەی تایبەت دەکرێن و هەوڵدەدرێت لە کوردستانەوە هەناردە بکرێن

K24 - سلێمانی

بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان رێگەی نوێ تاقیدەکەنەوە بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر، لە وڵاتانەوە لە کارگەی تایبەت ماددەی هۆشبەر دەخەنە نێو ئامێری کارەبایی و هەوڵدەدەن لە کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی دیکەی بکەن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 30-6-2020) زانیارییەکی ترسناکی ئاشکرا کرد لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستان و، گوتی "کوردستان بووەتە شوێنی ترانزێتی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی دیکە".

جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند "دەستمان بەسەر ٢٤ کیلۆ حەشیش، تلیاک و ھیرۆیندا گرتووە کە بازرگانەکانی ماددە ھۆشبەرەکان بەنیاز بوون بینێرنە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان".

بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ساڵ دوای ساڵ، لەگەڵ ئاشکرابوونی پیلانەکانیان بۆ حەشاردانی ماددەکان، بیرۆکەی جیاوازتریان بۆ دێت، ساڵی رابردوو ماددەی هۆشبەر لەنێو بەرگی سەرین، دۆشەگی منداڵان و قوتووی موعەتەر حەشاردرابوون و دەستیان بەسەرداگیرا، کەچی ئەمساڵ "چۆنییەتی حەشاردانیان تۆکمەتر کردووە".

بەڕێوەبەری نەهێشتنی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو نووسینگەکەیدا ژمارەیەک ئامێری لەیەکدی هەڵوەشێنراو و چەکی نمایشکرد، کە پێکهاتوون لە مەکینەی دروومان و مەکینەی سەد، جەلال ئەمین دەڵێ " ئێمە گومانمان لەو ئامێرانە هەبوو و دەستمان بەسەردا گرتن، هەموو مەکینەکانمان هەڵوەشاندوونەتەوە، ماددەی هۆشبەریان تێدابووە و بڕی ماددەکانیش 18 کیلۆ بووە".

کێن ئەو بازرگانانە؟

جەلال ئەمین بەگ جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەم ئامێرانە، خەڵکی ئاسایی ناتوانێت دروستیان بکات، بەڵکو لە کارگە دروستدەکرێن... ئەم کارگەیەش لێرە نییە، ئەگەر لێرە بووایە دەستمان بەسەردا دەگرت، بەڵکو لە وڵاتێکی دیکەوە زۆر شارەزایانە لەلایەن باندی ماددەی هۆشبەرەوە دروستدەکرێن".

جگە لە مەکینەکان، کۆمەڵێک چەکیش لە نووسینگەکەی نیشاندران، جەلال ئەمین دەڵێ "ئەو چەکانە هەموویان بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە گیراون".

"خەریکە دەبینە وڵاتی ترانزێت"

ترانزێت، مەبەستی ئەو وڵاتەیە کە بازرگانان بەکاریدێنن بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەری پێدا بگوازنەوە وڵاتی مەبەست. بەڕێوەبەری نەهێشتنی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی هۆشداری دەدات "بەداخەوە وامان لێهاتووە دەبینە ترانزێت، واتا ماددەکان لێرەوە تێپەڕ دەبن".

بەگشتی لە 1-1-2020ـەوە ١٨٠ کەس بەتۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان دەستگیرکراون، جەلال ئەمین بەگ دەڵێ "ئێستا بازرگانیکردن زیاترە لە بەکارھێنان".

"ئاڵوگۆڕی زانیاری، یەکێکە لە پێویستییەکان"

جەلال ئەمین بەگ گلەیی دەکات لەوەی "لە هەموو جیهان ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەیە لەنێوان ئەوانەی کار لەبواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، کەچی بەداخەوە تائێستا ئێمە لەگەڵ هیچ کونسوڵێک، هیچ وڵاتێکی دراوسێ و شوێنیکی دیکە ناتوانین زانیاری بگۆڕینەوە، کە پێویستە بۆ ئەوەی بازرگانەکان لەدەست دەرنەچن".

ئەو مەکینانە، کە ماددە هۆشبەرەکانیان تێدا بووە، دەبرێنە وڵاتی ئەوروپی. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات "ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا ناکەین و، هیوادارین کونسوڵخانەکان هەماهەنگییان لەگەڵماندا هەبێت".

بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە 26-6-2020 کە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە راگەیەندراوێکی بڵاوکردبووەوە، رایگەیاندبوو لە شەش مانگی رابردوودا 586 تۆمەتبار دەستگیرکراون، 292 تۆمەتبار سزادراون و، 294 تۆمەتباریش لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها 358 کیلۆگرام و 552 گرام ماددەی ھۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، کە لە ماددەکانی: ھێرۆین، کریستاڵ، تلیاک و حەشیش و جامیکا پێکھاتوون.