زیدان باسی دەنگۆی جیابونەوەی میسی لە بارسێلۆنا دەکات

شەوی رابردوو دەنگۆی جیابونەوەی لیۆنێل میسی گۆڵکاری ئارجێنتینایی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا بووە بابەتی گەرمی سەرجەم میدیاکانی جیهانی و دوای یاریی یانەکەشی بەرامبەر خیتافی زینەدین زیدان راهێنەری ریال مەدرید بێ ئاگایی خۆی لەم بابەتە راگەیاند.

زیدان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە کاتێک پرسیاری دەنگۆی جیابونەوەی میسی لێکرا گووتی '' ئاگاداری هیچ شتێک نیم، ئەو تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکەی بەردەوامە و ئێمەش هەمیشە ئارەزوو دەکەین بەرامبەر باشترینەکان یاریی بکەین، ئەوەی کە رویداوە و دەگوترێت هیچ زانیارییەکم لەسەر نیە ''.

درەنگانی شەوی رابردوو بوو کاتێک رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی بڵاویکردەوە لیۆنێل میسی لەم بارودۆخەی یانەکەی بێزار بووە و بریاریداوە کە گفتوگۆکان لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بوەستێنێت و دەیەوێت هاوینی 2021 یانەکەی جێبێڵێت.