سامانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌مازۆن گەیشتە 171 ملیار دۆلار

بیزۆس خاوەنی %11 ی پشكی كۆمپانیای ئامازۆنە

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، سامانی جێف بیزۆس دامەزرێنەری ئامازۆن كە دەوڵەمەندترین كەسی جیھانە، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بەنزیەكی 56 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بەرزبووەته‌وە و گەیشتووەتە 171 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەرزترین ژمارەیە كە بیزۆس تۆماری بكات، بە تایبەت ئێستا كە كۆرۆنا لێكەوتەی نەرێنی زۆری لەسەر ئابووری جیھان ھەبووە.

بلومبێرگ بڵاویكرده‌وه‌، بەرزبوونەوەی سامانی بیزۆس بەھۆی بەرزبوونەوەی پشكی ئامازۆن بووە لە بۆرسە، بەجۆرێك لە دوایین مامەڵەكانی بۆرسەدا بەرێژەی %4.4 بەرزبووەتەوە و نرخی ھەر پشكێك گەیشتووەتە  2 ھەزار و 878 دۆلار و 7 سەنت، كە ئەوەش بە ئاستێكی پێوانەیی ھەژماردەكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە بیزۆس خاوەنی %11 ی پشكی كۆمپانیای ئامازۆنە كە بەھای بەبازاڕكردنی كۆمپانیاكە بەنزیكەی ترلیۆنێك و 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.