بە ڤیدیۆ.. لە لوبنان هێرش كرایە سەر شاندی عێراقی

وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونكردنەوە لەبارەی رووداوەكە دەدات
kurdistan24.net

K24- هەولێر:

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێرش كرایە سەر شاندی عێراقی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان و رووداوەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان هەرای نایەوە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق چۆنیەتی هێرشكردنەكەی روونكردەوە.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ئاماژە بە ناوی بكرێت، بە ژمارەیەك میدیای عێراقی راگەیاندووە، "ئەوەی لە بەیروت روویدا هێرشی خۆپیشاندەران بوو بۆ سەر وەزیرانی وڵاتەكەیان لەكاتی میوانداری كردنی شاندی عێراقی لە یەكێك لە چێشتخانەكانی پایتەختی لوبنان".

ئیوارەی ئەمڕۆ گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لوبنان و عێراقی تەنی، لە دیمەنەكانیدا ژمارەیەك خۆپیشاندەری لوبنانی دەردەكەون، كاتێك هێرش دەكەنە سەر وەزیرانی لوبنانی، لەكاتی میوانداریكردنیان بۆ شاندی عێراقی لە یەكێك لە خواردنگەكانی بەیروتی پایتەختی ئەو وڵاتە.

شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوەت و بەشەداری وەزیری پەیوەندیەکان و باڵوێزی عێراق لە لوبنان بووە و لەگەڵ هاوتا لوبنانییەكانیان گفتوگۆیان لەبارەی ئەوە کردووە، كە نەوتی عێراق هەناردەی بەیروت بکەن، كاتێكیش خۆپیشاندەران زانیویانە ئەو نەوتە لە رێگەی حزبوڵڵاوە دەبێت، هێرشیان کردووەتە سەریان.

H.B