سێ ملیۆن مریشک لە سلێمانی مرداربوون؛ گوماندەکرێت هۆکارەکەی پێکوتە بێت

سێ ملیار دینار زیان بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە

K24 – سلێمانی

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان گومان دەکات ئەو  پێکوتەیەی بۆ مریشک بەکاردێت، هۆکاری مرداربوونی سێ ملیۆن مریشک بێت لە سلێمانی، بۆیە داوا دەکات حکومەت خۆی ئەو دەرمانە دابینبکات و رێگەنەدرێت بازرگانی پێوەبکرێت.

نازم عبدوڵڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە شاری سلێمانی بە کوردستان24ـی رایگەیاند "ئيستا نەخۆشیی نیوکاسڵ، ئایبی و گەمبۆرۆ روویان کردووەتە مریشک و جوچکی نێو پرۆژەکانی بەخێوکردنی مریشک و زیانێکی زۆریان لە بەرهەمی ناوخۆیی داوە، ترسی زۆرمان هەیە رێژەکە زیاتر بێت".

هۆکاری گومان لە پێکوتەی بەرگریی مریشک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "لەدوای پێنج رۆژ لە کوتانی مریشکەکان لەدژی ئەو نەخۆشیانە، مردار دەبن".

ئەو پێکوتانە لەلایەن بازرگانانەوە لە وڵاتانی دراوسێ هاوردە دەکرێن و بە ئاسانی لە بازاڕ دەستدەکەون، بۆیە جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا دەکات" حکومەت رێگری تەواو بکات و رێگەنەدات ئەو پێکوتانەی مریشک لە وڵاتانی دراوسێوە بهێنرێن... ئەمە مەترسییە لەسەر بەرهەمی ناوخۆی پەلەوەر، بۆیە حکومەت خۆی پێویستە ئەو پێکوتانە دابینبکات و بەبڕێک پارە بیداتەوە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان تاوەکو دڵنیابێت لە کوالێتیی پێکوتەکە و خاوەن کێڵگەکانیش بێ دوودڵی بەکاری بهێنن".

بەگشتی بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی: لەماوەی ١٥ رۆژدا ٣ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە لە سەرتاسەری کوردستان، ئەگەر رەوشەکە وا بەردەوامبێت زیانەکان دەگاتە ٣٠ ملیار دینار. بەهۆی نەخۆشییەکانەوە نزیکەی ٥ ملیۆن مریشک و جوچک لە سەرتاسەری کوردستان مرداربوون

 کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان جەخت دەکاتەوە لەوەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، ئێستا گیرۆدەن بەدەست نەخۆشیی نیوکاسڵ، ئایبی و گەمبۆرۆ کە ئەم نەخۆشیانە ساڵانە هەن و زیان بە پەلەوەر دەگەیەنن.

 

 

هـ.ر.