سه‌رۆكی ئه‌رمینیا سوپاسی ژماره‌یه‌ك خێزانی كورد ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌رمینیا، ئارمین ساركیسیان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئه‌و خێزانه كوردانه دووپاتكرده‌وه، كه له سه‌روبه‌ندی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كاندا هاوكاری هاووڵاتیانی ئه‌رمه‌نیان كردووه و په‌نایان داوه و ژماره‌یه‌ك خێزانی كوردی به برایانی ته‌نگانه وه‌سفكرد.
رۆژنامه‌ی ئه‌هرامی چاپی قاهیره گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌رمینیا ئه‌نجامداوه و تێیدا باسی له رووداوه‌كانی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كان كردووه، كه له كۆتایی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی عوسمانییه‌كان و سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی توركیای نوێ له 1915ه‌وه تا 1923 ئه‌نجامدراوه.
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا ساركیسیان گوتی: حكومه‌تی توركیا سوودی له ره‌وشی سه‌رده‌می شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی وه‌رگرت، بۆ ئه‌وه‌ی پیلانی كوشتار و له‌ناوبردنی یه‌كجاری ئه‌رمه‌نه‌كان دابڕێژێت و له نێوان 1915 تا 1916 تاوانگه‌لێكی زۆر ده‌رهه‌ق به گه‌لی ئه‌رمه‌ن ئه‌نجامدران.
سه‌باره‌ت به رۆڵی كوردیش، سه‌رۆكی ئه‌رمینیا گوتی: ئێمه سوپاسی برایانی ته‌نگانه‌مان ده‌كه‌ین، به تایبه‌تی یۆنانییه‌كان، ئاشووری و سریان و جووله‌كه و ئێزدییه‌كان، هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تی و خێزانه كورد و توركه‌كان، كه ژیانی خۆیان خسته مه‌ترسییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ئه‌رمه‌نه لێقه‌وماوه‌كان بكه‌ن و ژیانی زۆرێك له‌وانیان رزگار كرد.
له 24ی نیسانی هه‌موو ساڵێك گه‌لی ئه‌رمه‌ن یادی كۆمه‌ڵكوژی و جینۆسایدی ملیۆن و نیو هاووڵاتی ئه‌رمه‌نی ده‌كه‌نه‌وه، كه له لایه‌ن توركیای عوسمانی و توركیای نوێوه به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامدراوه.