لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دروستدەکرێت

تەنیا لە رۆژێكدا لەو پارێزگایە، 21 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

 

K24 - هەولێر

ئەگەرچی رێكارەكانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە رۆژھەڵاتی كوردستان تووندتر کراون، بەڵام ژمارەی قوربانییانی ئەو پەتا جیهانییە بەردەوام لەزیادبووندایە، بەجۆرێک لە ورمێ ناچار بوون نەخۆشخانەیەکی دیکەی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا بکەنەوە.

لە 24 كاتژمێردا تەنیا لە سنە و ئیلام و كرماشان 42 كەس بەھۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی تووشبووانیش لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە 32 ھەزارو 500 كەس نزیكدەبێتەوە.

فەرزین زەراعی، سەرۆكی زانكۆی پزیشكی سنە دەڵێ رۆژانە ژمارەی ئەو تووشبووانەی پێویستییان بە چاودێری چڕ دەبێت، زیاددەكات، بەشێوەیەك لە ھەفتەی داھاتوودا پێویستیان بە نەخۆشخانەیەكی بەپەلەی كاتی دەبێ.

دۆخەكە لە پارێزگای ورمێ خراپتریشە، جەواد ئاغازادە، سەرۆكی زانكۆی پزیشكی ورمێ رایگەیاندووە تەنیا لە رۆژێكدا لەو پارێزگایە، 21 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و، 345 كەسیش تووشی كۆرۆنا بوون، گومانی تووشبوونیش لە 470 كەسی دیكە دەكرێت.

ئاغازادە دەشڵێ ناچاربوون سێیەمین نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا بكەنەوە، چونكە ژمارەی ئەو كەسانەی نیشانەی تووندیان ھەیە بەردەوام لە زیادبووندایە. ھاوكات لە پارێزگای ورمێ و بەتایبەت لە شاری مەھاباد قەیرانی كەمی پەرستاریش دروستبووە.

زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە رۆژھەڵاتی كوردستان لەكاتێكدایە، بەكارھێنانی دەمامك بووەتە ناچاری و ھەر كەسێك دەمامك نەبەستێت، جگە لە پێبژاردن، كاروباری ئیداریشی بۆ رایی ناكرێت، بەڵام ئێستاش ھاووڵاتیان كەمتر دەمامك بەكاردەھێنن.

جەواد ئاغازادە هەروەها باس لەوە دەکات، دەمامك دەست ھەموو دانیشتووانی پارێزگا ناكەوێت، ئەوەی ھەشە نرخەكە ھێندە زۆرە، كە بەھەموو كەس دابین ناكرێت. بۆیە پێشنیار دەكات دەوامی دامودەزگاكان كەمبكرێتەوە و ھەوڵ بۆ كەمكردنی قەرەباڵغی بدرێت، بەڵام سەرۆككۆماری ئێران بە ھەموو شێوەیەك دژی ئه‌وه‌یه‌ جارێكی دیکە قەدەغەی ھاتووچۆ رابگه‌یه‌نرێته‌وه‌.

 

هـ.ر.