نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كۆرۆنا لە سۆران دەكرێتەوە

.
kurdistan24.net

K24 - سۆران

بڕیارە ئەمڕۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لە قەزای سۆران بكرێتەوە، قایمقامی قەزای سۆرانیش رایدەگەیەنێت، جگە لەوەی لەمەودوا تووشبووان رەوانەی ھەولێر ناكرێن، لە ھەمانكاتدا فشار لەسەر نەخۆشخانەكانی ھەولێر كەمدەبێتەوە.

كرمانج عزەت، قایمقامی قەزای سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لە سۆران دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی لەمەودوا تووشبووان لێرە چاودێریان بكرێت، لە ھەمانكاتدا فشار لەسەر نەخۆشخانەكانی ھەولێر كەمدەبێتەوە".

قایمقامی سۆران راشیگەیاند: "لەم دوایەدا رۆژانە تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا لە سۆران تۆمار دەكرێن، ئەمڕۆش سێ كەسی دیكە وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سۆران تۆمار كراون".

د. كاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا 142 كەس لە سنووری قەزاكانی سۆران و رواندز تووشی كۆرۆنا بوونە، ھەروەھا 130 كەسی دیكەش لە قەزای چۆمان وەك ھەڵگری ڤایرۆسەكە تۆمار كراون و لە قەزای مێرگەسۆریش تائێستا سێ كەس تووشی كۆرۆنا بوونە".

گوتیشی: "لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە تائێستا چوار كەس لە دەڤەری سۆران بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، كە دوویان دانیشتووی سنووری قەزای سۆران و دووی دیكەشیان دانیشتووی قەزای چۆمان بوون".

بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، ئاشكرای كرد: "ئێستا تەنھا 20 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان ماون، ئەوانی دیكە ھەموویان چاكبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە".