بەشێكی زۆری كارەكانی دووسایدی ھەولێر - دھۆك تەواو كراوە

.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەگەڵ دەستبەكاربوونی  كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕی 550 ملیار دینار بۆ  وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی خەرجكراوە، كە 40 ملیار دیناری بۆ چاككردنەوەی رێگەبانەكانی دەرەوە بووە، لەو ماوەی كاركردنیش 90%ـی رێگەوبانەكان تەواو بوونە، سەرەڕای كەمبوونەوەی داھاتەكان كاركردن لە پڕۆژە ستراتیژییەكان بەردەوامی ھەیە.

یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، رێگەی دوو سایدی ھەولێر - دھۆكه، به تەواوبوونی كارئاسانی تەواو بۆ ھاتووچۆی نێوان ئەو دوو پارێزگایە دەكات، درێژی رێگاكە 38 كیلۆمەترەو 5 گۆڕینی رێڕەوەی و دوو پردی ھەیە، بڕیاریشە لە ساڵی داھاتوو بەڕووی شوفێر و ھاووڵاتییان دا بكرێتەوە. ئامانجی حكومەت و لایەنی جێبەجێكار تەواوكردنی رێگاكەيه لە كورتترین ماوەدا، بۆ ئەم مەبەستەش كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوامە و رۆژانەش بۆ ماوەی 18 كاتژمێر كاری تێدا دەكرێت.

پڕۆژەی رێگەی سەرەكی دووسایدی ھەولێر - دھۆك، بە پڕۆژەی رێگەی گۆپاڵ ناسراوە، پردی گۆپاڵیش كە كەوتووەتە سەر زێی گەورە بەشێكی پڕۆژەكەی پێكھێناوەو كەوتووەتە ناوەڕاستی دووسایدەكە، بەیەكەوەش دەیان بەستێتەوە كە درێژەییەكەی 924 مەترەو %85ی كارەكانی تەواوكراوە، كاركردن لە ھەردوو دیوی رێگەیە بەردەوامە و رۆژانە زیاتر لە 700 پارچە مەكینەی بچووك و گەورە كار دەكەن و ھەزار تاوەكو ھەزارو 200  كرێكاریش كار دەكەن.

لە سنووری سلێمانیش، رێگەی كەلار سلێمانی و كەلار كفری كاركردن تیادا بەردەوامە ، ھەروەھا خەلەكان چوار قوڕنەش بەھەما شێوە كاری تێدادەكرێ ..

بەرپرسی پلان لە وەزارەتی ئاوادانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەڵێت پلانیان بۆ رووبەروبونەوەی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمكردنەوەی خەرجییەكان داناوە.

لەم كابینەیەدا وەزارەتی ئاوانكردنەوەی نیشتەجێكردن 189 پڕۆژە جێبەجێ دەكات، 60 پڕۆژەی نیشتەجێكردن و 129 رێگابانە، تائێستا 50% پڕۆژەكان جێبەجێكراون و ئەوانی دیكەش لە جێبەجێكردندان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ھەر چوار پارێزگا بودجەیەكی بە گوژمەی 550 ملیار دینار تەرخانكردووە، بۆ پڕۆژە ستراتیژییەكان، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن پلانێكی بۆ قەیرانەكان و كەمبوونەوەی داھاتەكان داڕشتووەو دەیەوێت لە رێگەی وەبەرھێنەرانەوە ئەو پڕۆژە ستراتیژیانە تەواو بكات.