کەی دەرمانە رووسییەکە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە کوردستان بەردەست دەبێت؟

دەرمانەکە لە بنەڕەتدا ژاپۆنییە، بۆچی ناوی بە دەرمانی رووسی دەرکردووە؟
kurdistan24.net

 

K24 –  هەولێر

دەرمانە رووسیەكە، دەرمانێكە لە وڵاتی رووسیا وەك چارەسەر بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاردەھێندرێت، لە ھەرێمی كوردستانیش لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆییەوە دەست بە بەرھەمھێنانی كراوە، بڕیارە لەماوەی دوو رۆژدا بەردەست بێت و دوای رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی، لە نەخۆشخانەكان بەكاربھێندرێت.

نەخۆشخانەكان چاوەڕوانی دەرمانە رووسیەكەن کە لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆییەوە دروستدەكرێت و سەرەتا بۆ بەغدا بەرھەمھێنراوە، بەڵام وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەڵێنی لە وەزیری تەندروستی عێراق وەرگرتووە، وەك بەشە دەرمانی مانگانە، بڕێك لەو دەرمانە بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرێت.

دكتۆر سەرھەنگ جامباز، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خۆپاراستنی ته‌ندروستی له‌ شاری هه‌ولێر دەڵێ "ئەو دەرمانە سەرەتا لە ژاپۆن دروستکرا و بەکارهێنرا بۆ چارەسەری نەخۆشیی ئەنفلەوانزا، ئەو ئەنفلەوانزایەی تووندە، کاریگەریی لە چارەسەری نەخۆشییەکە هەبووە، بەڵام رووسیا ئەو دەرمانەی وەرگرت و بەکاریهێنا بۆ نەخۆشەکانی کۆرۆنای نوێ. دەرمانەکە لە وەزارەتی تەندروستیی رووسیا تۆمارکرا تاوەکو بەکاربهێنرێت و بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەوێ کراون، رێژەی مانەوەی ڤایرۆس لە جەستەی مرۆڤ و مانەوەی نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە، کەمتر دەبێتەوە (لەکاتی بەکارهێنانی ئەو دەرمانە). عێراق لە کارگەی ئاوا مێدیکا لە هەولێر داوای دروستکردنی ئەو دەرمانەی کرد، ئێستا گەیشتووەتە بەغدا و لە یەک دوو رۆژدا دەگاتە ئێرەش".

 دەرمانەكە ساڵانێكە ھەیە و لە بنەڕەتیشدا ژاپۆنییە، بەڵام بەھۆی ئەوەی لەلایەن رووسیاوە وەك چارەسەر بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكارھێنراوە، ناوەكەی بە دەرمانی رووسی بڵاوبوەتەوە، زیاتر بۆ ئەو نەخۆشانەش بەكاردەھێندرێت، كە لە ئاستی مامناوەندیدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

شاخەوان ئەسعەد خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر کە تایبەتکراوە بە تووشبووانی کۆرۆنا دەڵێ "هەر دەرمانێک لە نەخۆشخانەکان بەکاریدەهێنین، پێویستە پشتگیرییەکمان هەبێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەتاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەو پرۆتۆکۆلە نەهاتووەتە نەخۆشخانەکەمان کە دەرمانەکە بەکاربهێنین... ئەگەر وەزارەتی تەندروستی بۆ ئێمەی نارد، ئیمەش بەکاریدەهێنین بۆ نەخۆشەکانمان".

رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، بەھەمان شێوە رێژەی مردووانیش بە ڤایرۆسەكە لە ھەڵكشاندایە، دۆخی بەشێك لە نەخۆشەكان ناجێگیرە و پێویستییان بە ئامێری ھەناسەدانی دەستكردە، تەنیا ھەشت دانە ئامێری ھەناسەدانیش لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر هەن، کە بەشێکی نەخۆشخانەکە تایبەتکراوە بە تووشبووانی کۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك ئامێری دیكە پەیداكراون، بەڵام پسپۆڕی پێویست كەمە بۆ بەكارھێنانیان.

 

هـ.ر.