ژنێکی ئێزدی و کوڕەکەی لە کەمپی هۆل رزگارکران

K24 – دهۆک

دوای بەڕێکردنی چەند ساڵێکی ناخۆش لەژێر دەستی داعش، ساهیرە و هەیوانی کوڕی رزگارکران.

ساهیرە قاسمی تەمەن 27 ساڵ و هەیوان ماهری کوڕی کە تەمەنی حەوت ساڵە، خەڵکی کۆمەڵگەی تەلبەناتن لە رۆژهەڵاتی چیای شنگال. لە ساڵی 2014ـدا لەگەڵ 20 ئەندامی دیکەی ماڵباتەکەیان لەلایەن چەکدارانی داعش رفێنرابوون، کە ئێستاش 15 کەسیان چارەنووسیان نادیارە.

ساهیرە و هەیوانی کوڕی، کە تەمەنی تەنیا ساڵێک بوو کاتێک رفێندرا، دوای رزگاربوونیان لە کەمپی هۆل، ماوەی دوو رۆژە لە ماڵی ئێزدیانن لە رۆژئاوای کوردستانن.

كه‌مپی هۆل له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌ له‌ نزیک شارۆچكه‌ی هۆل لەسەر سنووری عێراق و سووریا له‌ سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1991 دروستکراوە. هەزاران ئاوارەی شەڕ لەنێو کەمپەکە نیشتەجێن و بەشێکیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن، کە ساهیرە و کوڕەکەی لەگەڵ ئەوان دەستبەسەر بوون. 

ئەو ژنە ئێزدیە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی باغۆز، کە بە یەکێک لە سەختترین شەڕەکانی داعش لە سووریا دەناسرێت، هەوڵی خۆدەربازکردنی داوە.  

ماهیر مەحموود، هاوژینی ساهیرە بە کوردستان24ـی راگەیاند "زیاتر لە ساڵێک بوو رۆژانە لە هەوڵدابووین تاوەکو توانیمان رزگاریان بکەین و بە هاوکاریی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان لە دهۆک سەرکەوتوو بووین".

ماهیر ئاماژە بەوە دەکات زانیارییان هەیە ژمارەیەکی زۆر کەسوکاریان لەو کەمپەدان، بەڵام ناتوانن رزگاریان بکەن.

لەگەڵ دەستپێکی هاتنی داعش بۆ شنگال 6417 کەس رفێنران، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 3530 کەسیان رزگارکراون و هێشتا 2887 کەس بێسەروشوێنن.

 

ساهیرە و ماهیری هاوژینی لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییان
ساهیرە و ماهیری هاوژینی لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییان

هـ.ر.