رزگاربووانی دەستی داعش لە دۆخێكی خراپدان

زۆربەی منداڵە رزگاركراوەكان لەلایەن داعشەوە لەسەر كوشتن و كردەوەی خراپ راهێنراون
kurdistan24.net

K24- دهۆك:

بنەماڵەی كوردانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش لە دۆخێكی سەختدا دەژین، نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ بونیاتنانەوەی دەروونیان، وایكردووە دۆخی ئەوان زیاتر تێكبچێت.

نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی دەستی داعش لە دھۆك ئاشكرای دەكات، حكوومەتی عێراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كەمتەرخەمن و نەبوونەتە بەشێك لە كەمكردنەوەی ئازارەكانی كوردانی ئێزدی.

هەروەها داوای كردنەوەی سەنتەر و شوێنی تایبەت دەكرێت، چونكە وەك ئاماژەی پێ دەدەن، ئەو دۆخەی بەسەریاندا هاتووە بووەتە هۆی تێكچوونی دەروونیان و بۆ ماوەیەكی درێژ پێویستییان بە چارەسەری دەروونی هەیە، بەتایبەت منداڵان، چونكە زۆربەیان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لەسەر كوشتن و كاری خراپ راهێنراون.

وەك جەختیش دەكەنەوە، حكومەتی عێراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە هاوكاریكردنیان لە ئاستی پێویستدا نەبوونە

داعش لە كاتی هێرشەكەیدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، 6 هەزار و 417 كەسیان رفاند، لەوانەش تا ئێستا 3 هەزار و 530 كەس لە هەردوو رەگەز رزگاركراون و چارەنووسی 2 هەزار و 887 كەسیش تا ئێستا نادیارە.

H.B