ھاووڵاتییانی رۆژھەڵاتی كوردستان بڕی یارانەی مانگانە بە كەم دەزانن

"پارەكە بەشی کرێی مانگانەی كارەباش ناكات"
kurdistan24.net

 

K24 - هەولێر

زۆربەی ھاووڵاتییانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەڵێن ئەو 45 ھەزار تومەنەی یارانە، بەشی ھیچ ناكات و زیانی لە قازانجی زیاترە.

یارانە، پارەیەكی مانگانەیە و لەسەردەمی سەرۆك كۆماریی مەحموود ئەحمەدی نەژادەوە بە ھاووڵاتییان دەدرێت، لەبەرامبەردا حكومەت پارەی خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و كارەبا و تەلەفۆن لەسەر خەڵك گران دەكات، بەڵام دوای نزیكەی 10 ساڵ لەو پرۆژەیە، ھاووڵاتییان دەڵێن پارەی یارانە تەنانەت بەشی مانگانەی كارەباش ناكات.

بەپێی بڕیاری پێدانی یارانەی مانگانە بە ھاووڵاتیان، ھەر ھاووڵاتییەكی ئێرانی مانگانە 45 ھەزار تومەن كە بە نرخی ئێستای دۆلار دەكاتە نزیكەی دوو دۆلار وەردەگرێت، لەبەرامبەردا دەبێ لەو یارانەیە پارەی پسووڵەی ئاو، كارەبا و تەلەفۆنی نۆرماڵ بدەن، بەڵام ئێستا نرخی ئەو پسووڵانە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوپێش زیاتر لە 10 قات بووە، کەچی یارانەی ھاووڵاتییان ھەر ئەو 45 ھەزار تومەنەیە.

كابینەی دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد لە سەردەمێكدا كە نرخی یەك بەرمیل نەوت بە زیاتر لە سەد دۆلار بوو، پێدانی یارانەی بە یاسایی كرد و پێشوازییەكی باشیشی لێكرا، بەڵام ھاتنی گرانی و بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان و گرانبوونی خزمەتگوزارییەكان لەسەر ھاووڵاتییان، وایانکرد یارانەش یارمەتییەكی ئەوتۆی خەڵك نەدات.

 

هـ.ر.