زیاتر لە 9 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچیان درووست دەكرێن

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكات
kurdistan24.net

K24- هەولێر:

زیاتر لە 9 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھاوڵاتیان و کرێنشینان لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، گوتەبێژی وەزاەرتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: وەزارەتەکەیان سەرپەرشتی دروستکردنی ئەو یەکانە دەکات و بە یەکسانی بەسەر کرێنشینان دابەشیان دەکات و ھەموو ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

لەم بارەشەوە مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئاماژە بەوە دەدات، بەشێك لەو یەكە نیشتەجێبوونانە کارەکانیان تەواو بووە، ھەندێکیشیان ٦٥ تا ٩٥ لە سەد کارەکانیان تەواوکراوە، یەکەکان بەسەر ھاوڵاتیانی کرێنشین و کەمدەرامەت دابەشدەکرێن، میکانیزمی دابەشکردنەکەش لیژنەیەکی باڵا سەرەپەرشتی دەکات و تیروپشك بۆ ناوەکان دەکرێت.

هاوكات مەحمود ئیسماعیل، سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمەڵەی کرێنشینان جەخت دەكاتەوە، زیاتر لە ٩٠ ھەزار کرێچی لە کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان تۆمارکراون، بە تەواو بوونی ئەم یەکانە رێژەیەك لە ژمارەی کرێنشینانی ھەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە، ئەو کرێنشینانەی شایستەن ئەو یەکانەیان پێبدرێت لە کۆمەڵەکە پۆڵێن کراون  و ھەوڵدەدەن ھەموو کرێنشینێك مافی تەواوەتی پێبدرێت.

یەکەکان بە یەکسانی بەسەر شار و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکراون، ئێستا بەھۆی قەیرانی دارايى و پەتای کۆرۆنا کارکردن تیایاندا وەستاوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دوای ئاسایبوونەوەی دۆخەکە ئەوانەی تەواو نەکراون تەواو دەکات و ئەوانەشی کارەکانیان تەواو بووە بە یەکسانی دابەشیان دەکات.

H.B