میسی ئەمشەو دەتوانێت ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات

لیۆنێل میسی، گۆڵکاری مێژوویی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لەوەتەی یاریی بۆ یانە کەتەلۆنیەکە دەکات، لە مانگی تەمموز واتە مانگی حەوت هیچ گۆڵێکی نەکردووە، ئەمشەو بە تۆمار کردنی گۆڵێک دەتوانێت مێژوویەکی نوێ تۆمار بکات.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵایکردووە گۆڵکارە ئارجێنتیناییەکە لە 15 ساڵی رابردوو بە درێسی یانەکەی لە تەواوی مانگەکانی ساڵ گۆڵی کردووە، تەنها مانگی حەوت نەبێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی پێشتر هیچ کاتێک یانەکەی لەم مانگەدا یاریی فەرمی نەکردووە، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی دواخرانی خولەکان، بەشێک لە یارییەکانی ئەم یانەیە لەم مانگەدا کراون.

میسی ئەمساڵ لەم مانگەدا سێ یاریی بەرامبەر یانەکانی ڤیاریال، ئیسپانیۆل و ڤایادۆلید کردووە و نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بکات و ئەو یاریزانە ئەمشەو دەرفەتی ئەوەی هەیە بەرامبەر مایۆرکا ئەم ریکۆردەش تۆمار بکات.