پێنتاگۆن: تورکیا نزیکەی 4 هەزار چەکداری بەکرێگیراوی سووریی رەوانەی لیبیا کردووە

"پارەی پێداون و پێشنیازی پێدانی ناسنامەی وڵاتەکەی بۆ کردوون"

 

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاشکرای دەکات تورکیا چوار هەزار چەکداری سووری بۆ شەڕکردن رەوانەی لیبیا کردووە.

پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بۆ یەکەمجار راپۆرتێکی لەبارەی هێزەکانی سەر بە تورکیا لە لیبیا بڵاوکردەوە و، رایگەیاند "تورکیا لەنێوان سێ هەزار و 500 بۆ سێ هەزار و 800 چەکداری سووریی بەکرێگرتووە و رەوانەی لیبیا کردوون لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا".

راپۆرتەکە لەکاتێکدایە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە لیبیای دەوڵەمەند بە نەوت، گەیشتوونەتە لووتکە. وڵاتەکە بووەتە شوێنی یەکلاکردنەوەی شەڕی وڵاتانی زلهێز و لەسەر ئەرزیش چەکدارانی بەکرێگیراو شەڕی لایەنە جیاوازەکان دەکەن.

لە راپۆرتەکەی پێنتاگۆن سەبارەت بە هەژموونی تورکیا لە لیبیا کە تەنیا باسی چارەگی یەکەمی ئەمساڵ دەکات، هاتووە؛ تورکیا پارەی داوە، هەروەها پێشنیازی پێدانی ناسنامەی وڵاتەکەی کردووە بۆ هەزاران چەکداری بەکرێگیراو کە شانبەشانی میلیشیاکانی نیشتەجێی تریپۆلی لەدژی خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا شەڕ دەکەن.

 

هـ.ر.