دۆخی زۆربەی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر ناجێگیرە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە: داواکارین تووشبووان زووتر سەردانمان بکەن
kurdistan24.net

 

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر ئاشکرای دەکات، زۆربەی تووشبووانی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکەیدان، دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و پەتای کۆرۆنایان بە قورسی گرتووە.

د. شاخەوان خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی رایگەیاند "زیاتر لە 50 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەمان خەوێنراون، تەنیا چوار بۆ پێنجیان دۆخی تەندروستییان مامناوەندە، ئەوانی دیکە زۆربەیان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە".

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر: دوو هەزار و 652 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 1851 کەسیان چاکبوونەتەوە، ئێستا 735 کەس ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەیان چالاکە و 66 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

د. شاخەوان خەیلانی هەروەها دەڵێ "ئەو نەخۆشانەی ئێستا بۆمان دێن، بەداخەوە زۆربەیان دۆخیان ناجێگیرە... ئەوانەی هەڕەشەی ئەو نەخۆشییەیان لەسەرە، کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە یان بەتەمەنن، لە نەخۆشخانە بن باشترە لەوەی لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن".

 

هـ.ر.