بۆ جه‌ژن بڕیار له‌سه‌ر رێكار و رێنمایی نوێ ده‌درێت

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی کۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و بڕیارو رێنمایی پێویست بۆ رۆژانی ئایندە بە تایبەت رۆژانی جەژن دەردەکات، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ تەندروستی سلێمانی بڕیار لەسەر کردنەوە یاخود داخستنی ھەندێک شوێن دەدەن.

دۆخی سلێمانی ھێواش ھێواش بەرەو سەقامگیری دەچێت لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش لە سلێمانی بۆ ھەموو پێشھات و قۆناغەکان بڕیاری خۆی ھەبووەو رێکارو رێنمای نوێی دەرکردووە، بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا و رۆژانی داھاتوو بە تایبەت رێنمایی بۆ رۆژانی جەژن، بڕیارە جارێکی دیکە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی کۆببێتەوە.

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "بە ھەماھەنگی ھاووڵاتییان و پشتبەستن بە خۆڕاگری و داخوازییەكانی ئەوان رێكار و رێنمایی نوێ دەردەكەین".

گوتیشی: "ئەو رێكارانەی گرتوومانەتە بەر تائێستا ئەنجامی باشی هه‌بووە، ئومێد دەكەم ھاووڵاتییان لەسەر خۆپارێزی بەردەوام بن، داواكارم لەبەر خۆشی جەژن خۆشییەكانی دیكە لەدەست نەدەن".

دروستکردنی قەرەباڵغی و پابەند نەبوونی ھاووڵاتییان بە رێنماییەکان ھۆکارێک دەبێت، بۆ بەرز بوونەوەی جارێکی دیکەی ئامارەکان، پزیشکێک لە نەخۆشخانەی ئاسا لە سلێمانی رێنمایی ھاووڵاتییان دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە زیاتر پابەندی رێنماییەکان بن.