لەبارەی ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان بڕیار دەدرێت

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە ھەولێر کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان و رێكار و رێنماییەكانی دیكەی رووبەڕوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و کردنەوەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان دەکرێت.

جگە لە ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان، پێشتر لە ھەولێر داوای كردنەوەی مزگەوت و ھۆڵەكانی وەرزشی و یانەكانی خواردنەوە كرابوو، بەڵام بەھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بڕیاری كردنەوەیان نەدراوە. لە كۆبوونەوەی شەمەی رابردووی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێریش ھیچ بڕیارێكی نوێ نەدرا و بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پێشنیازەكان بخرێنەڕوو، بۆ ئەوەی بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی بڕیاریان لێبدرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە تا ئێستا 11 هەزار و 109 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 419 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و 44 تووشبووش چاکبوونەتەوە.