لە سلێمانی باندێک بەناوی شت فرۆشتنەوە "لەشفرۆشی" دەکەن

كەمپینێك پێكھێنراوە و دەڵێ: ئەم شارە مەشێوێنن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی لە شاری سلێمانی لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە شارەكە ناوبانگەکەی و دۆخی ئێستای تەندروستی، کەمپینێکیان بەناوی "ئەم شارە مەشێوێنن" راگەیاندووە و داوادەکەن دیاردەی باندی سواڵكەرانى "دووڕیانەکەی سلێمانی" کۆتایی پێبھێنن، کە   بووەتە دیاردەیەکی ترسناک  و پەلاماری خەڵک ئەدەن و بەزۆر سواری ئۆتۆمبێلی خەڵک دەبن و سەرانە و پارە لەخەڵک وەردەگرن.

کوردستان24 لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو دیاردە دەکات و زانیاری ورد لەبارەی ئەو باندە دەخاتەڕوو.

باندەكە کۆمەڵێک ئافرەتن دەگوترێت "بەناوی شت فرۆشتن و سواڵکردنەوە کاری لەشفرۆشی دەکەن"، بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە پەیامنێری كوردستان24 لەنزیکەوە بەدواداچوون دەکات، كاتێك تیمی كوردستان24 لێیان نزیكبووەوە سەرەتا رازی نەبوون و بەھیچ شێوەیەک وێنەیان بگرن و توڕەبوون، دواجار رازی بوون کە زانیاری بدەن کاری سەرەکی ئەوان چییە و چەند بەش و چەند گرووپن.

لێھاتوون لەکارەکەیان  و دەزانن فیڵ لەکێ دەکەن  و چۆن نێچیر دەبەن، ھەر ئۆتۆمبێلێک نزیک بێتەوە بەخێرایی لێی نزیک دەبنەوە.

یەكێك لە ئافرەتەكان كە بۆ كوردستان24 دوا دەڵێت: "ئێمە وەجبەی رۆژین و وەجبەیەكی دیكە ھەیە ئێرانییەكانن و شەوانە دێنە ئەم شوێنە".

دەشڵێت: "پیاو ھەیە كە دێتە ئەم شوێنە لە ئۆتۆمبێلەكەیەوە پارەمان پیشان دەدات و وازمان لێناھێنن، كەچی لەولاشەوە لە حكومەت شكایەتمان لێدەكەن".

بەگوێرەی ھەندێك وێنە كە دەست کوردستان24 کەوتوون، دەردەکەوێت کە بە ئۆتۆمبیل ئەو ئافرەتانە بەسەر شوێنەکان دابەش دەکرێن، ھەربەپێی زانیارییەکان، ئەم گرووپانە لەلایەن باندەوە بەڕێوە دەبرێن و کڕین و فرۆشتن بە شوێنی کارەکانیان دەکەن  و شوێنیان فرۆشتووە بە نزیکەی 30 ھەزار دۆلار، بۆیە کەمپینەکە دەیەوێت ئەم دیاردەیە لە سلێمانی بنەبڕبکرێت.