گەشتێک بەنێو گوندی گەورەدێ و کۆکردنەوەی تاڵەبنێشت

دارەبەن قەزوان بەرھەم دەھێنێت، قەدەکەشی تاڵەبنێشتی لێ دەردەھێنرێت
kurdistan24.net


K24 - گەورەدێ

دانیشتووانی گوندی گەورەدێ لە ناوچەی شارباژێر، ژیانیان لەسەر بنێشت کۆکردنەوە و چوالەیە، بەڵام نیگەرانن لەوەی ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێ هێندەی ماندووبوونەکەیان نییە.

قوڕ و کا تێکەڵی یەکدی دەکەن تاوەکو کۆچیلە بۆ دارەبەنەکان دروست بکەن. ھەر دارێک بە قەبارەی خۆی لەلەی لێدەدرێ.

شاڵاو بیری نایە لە کەیەوە سەرقاڵی بنێشت کۆکردنەوەیە. بژێوی خۆی و بەشێکی زۆری دانیشتووانی گوندەکەشی لەسەر بنشێتە.

شاڵاو مەحموود، دانیشتووی گەورەدێ دەڵێ "ئێستا کاتی بنێشتکردنە، بەڵام زۆر کاتیش 10 شەو بەهار دەمێنێت دەستدەکەن بە بنێشتکردن. بنێشتکردن بە دوو کەس یان سێ کەس دەکرێت. قوڕی بۆ ئامادە دەکەین و دەیکەین بە دارەکە، دواتر دەبێت گەلاوێژ بکەوێت و فێنک بێت، ئەو کاتە بنێشتەکە هەڵدەگرین".

دارەبەن قەزوان بەرھەم دەھێنێت، قەدەکەشی تاڵەبنێشتی لێ دەردەھێنرێت. دوای لەلەکردنی دارەبەنەکان، دەست بە کۆچیلەلێدان دەکرێت. کۆچیلەکان شێوەی قاپێکن، تاوەکو کاتێک بنێشتەکە لە دارەکە ھاتە دەرەوە، دڵۆپ دڵۆپ بچێتە نێو کۆچیلەکانەوە.

ئاوات خۆی ساڵانە بنێشت کۆناکاتەوە، بەڵام یارمەتیدەری بەردەوامی ئەو کەسانەیە کە بنێشت و چوالە کۆدەکەنەوە. شاڵاوی دراوسێشیان ھەر ساڵێک نیازی کۆکردنەوەی بنشێتی هەبێت، بێ ئاوات کارناکات، بەڵام نایشارێتەوە ئێستا خەڵک کەمتر لە جاران بنشێت کۆدەکەنەوە.

ئەو، دەڵێ "لە ساڵانی 2012 و 2013 هەر کیلکۆیەک بنێشتی کوردی نزیکەی 36 هەزار دیناری دەکرد، بەڵام ئێستا 12 بۆ 13 هەزار دەکات، بۆیە خەڵک زۆر بەکەمی دەیکات، قازانجێکی ئەوتۆی نییە".

دوای تەواوکردنی کۆچیلەکانیش 10 رۆژێک دواتر دارەکان دوولەلە دەکرێنەوە، واتا سەرلەنوێ شوێنی برینداری دارەکە بە تەورداسێک دەکولێنرێتەوە، پاش ماوەیەکیش ھەرچی بنێشتە، کە لەنێو کۆچییەکان کۆبووەتەوە، کۆدەکرێنەوە و دوای پاڵاوتنیان دەبرێنە شار و دەفرۆشرێن.

 

هـ.ر.