یانەیەکی چینی موچەیەکی خەیاڵی دەداتە رامۆس

یانەیەکی چینی ئامادەیە بە موچەیەکی خەیاڵی سێرخیۆ رامۆس بەرگریکاری ئیسپانی یانەی ریال مەدریدی ئەم وڵاتە رازی بکات پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات.

ماڵپەری دێفێنسا سەنترالی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، یانەیەکی خولی چینی بەم دواییە لە رێگەی بەڕێوەبەری کارەکانی سێرخیۆ رامۆس بەرگریکاری شاهانەکانی موچەیەکی خەیاڵی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو درێسی یانەکەیان لەبەر بکات، ئەو سەرچاوەیە ناوی یانەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە موچەکە 22 ملیۆن یۆرۆیە، لە کاتێکدا کە ئەو بەرگریکارە ئێستا لە یانەکەی موچەی ساڵانەی 13 ملیۆن یۆرۆیە.

رامۆس هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکەی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەگەیشتووەتە رێکەوتن و سەرەرای ئەوەی کە چەندینجار بەرپرسانی یانەکەی داوایان لێکردووە بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.