لە ماوەی 17 ساڵدا نزیکەی 350 ملیار دۆلاری عێراق براوەتە دەرەوە

شارەزایەکی ئابووری چۆنییەتی بردنەدەرەوەی ئەو پارانە رووندەكاتەوە
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

لە دوای 2003ـەوە تائێستا نزیكەی 250 تاوەکو 350 ملیار دۆلار لە عێراق بردراوەتە دەرەوە و، ئەمەش بە گوتەی سامان مەشهەدانی، شارەزای ئابووریی عێراق، بەشێکی زۆری ئەو ملیاران دۆلارەش هی سەرکردە باڵاکانی عێراقە.

سامان شاڵی، شارەزای ئابووری چۆنییەتی بردنەدەرەوەی ئەو پارانە رووندەكاتەوە و دەڵێ: "پارە، لە مەزاد دەکڕن بەناوی ئەوەی کۆمپانیان و شت دەهێنن بۆ عێراق. پارە زۆرەکە چووە بۆ ئێران، لوبنان. دەگوترێت لە هەندێک میلیشیاش کاریان بەناوی براکانیان و خوشک و کەسوکاریان هەیە".

بەڵام ئەو پارە زۆر چۆن دەبرێت؟ سامان شاڵی باس لەوە دەکات: "دەتوانی پارە ببەی ئەگەر سەرچاوەی بزانرێت، دەتوانی باڵەخانە بکڕی لەڕێگەی بانکەوە".

بەپێی قسەی شارەزایانی ئابووری، میلیشیا چەكدارەكانی عێراقیش پارەیان بردووەتەوە دەرەوە، بەڵام ھی ئەمان زیاتر بۆ ئێران رۆیشتووە.

بردنەدەرەوەی پارەی عێراق لەكاتێكدایە، رێژەی ھەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی لە عێراق لە ئاستێكی بەرزدایە و، بەم بڕە پارەیە دەتوانرا عێراق ببرێتە دۆخێكی باشتر.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە ملیاران دۆلاری عێراق لە بانکەکانی دەرەوەیە و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەم پارانە بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە، بەڵام دەبێت عێراق خۆی داوای گەڕاندنەوەی بکات، چونکە ئەمەریکا تەنیا دەتوانێت پارەکان بلۆک بکات و ناتوانێت بەبێ داواکاریی عێراق بیانگەڕێنێتەوە ئەو وڵاتە.

 

هـ.ر.