كارگەیەك لە ھەڵەبجە مانگانە 500 کیلۆ بنێشت دەخاتە بازاڕەکانی کوردستان
K24 - ھەڵەبجە
کارگەی دەستی دروستکردنی بنێشتی کوردی لە ھەڵەبجە، مانگانە زیاتر لە 500 کیلۆ بنێشت دەخاتە بازاڕەکانی کوردستان، ئەم کارگەیە لەگەڵ ئەوەی بچووکە، بەڵام خواستێکی زۆر لەسەر بنێشتەکەیان هەیە و لە پلانیانە کارگەکە گەورەتر بکەن، چونکە سنوورێکی فراوانی شاخەکانی هەرێمی کوردستان بەدارەبەن کە داری تایبەتە بەرهەمی بنێشت هەیە و بەمشێوە خۆماڵیەش کە ئەم کارگەیە ئامادەی دەکات فرۆشێکی باشی هەیە.
بەرھەمھێنانی بنێشتی كوردی، لە دوای شێلانی قوڕ و لەکكردن و کۆچەڵە دروستکردن و دانانی کۆچەڵەکان لەسەر زامی دار قەزوانەکان، ئیتر کۆتایی بە زەحمەتی و ناڕەحەتی کۆکردنەوەی بنێشت دێت. دواتر هەنگاوی دروستکردنی بێنێشت دەستپێدەکات. بنێشتەکە تاڵە و دەبێ بکوڵێندرێت.
کارگەی دەستی بنێشتی خۆماڵی لە ھەڵەبجە ماوەی دووساڵە دەستی بەکارکردن کردووە و 15 کارمەند لەناو کارگە و دەرەوەی کارگەکە کار دەکەن، مانگانە زیاتر لە 500 کیلۆ بنێشتی تەواو سرووشتی بەرهەمدەهێنن بەهۆی زۆری بنێشت لەناوچەکە و خواست لەسەری، ئەم بنێشتە خۆماڵیەش کە لەم کارگە دروست دەکرێت خاوەن کارگەکە لە پلانی داهەیە کارگەکەی فراوانتر بکات.