گەرما خەڵكی چەند پارێزگایەكی عێراق ھەراسان دەكات

پلەی گەرما لە بەغدا بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

شەپۆلێكی گەرما عێراق و ناوچەكەی گرتووەتەوە و لە بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە پلەی گەرما بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی بەرزبووەوە و كەشناسی و بەرگری شارستانی ھۆشداری دەدەنە ھاووڵاتییان.

عامر موحسین جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شەپۆلەی گەرما كە رووی لە ناوچەكە كردووە لەم دوو رۆژەدا عێراق كاریگەرییەكانی زیاتر. بەگوێرەی پێشبینیەكان لە باشووری عێراق پلەكانی گەرما بۆ 50 تا 53 پلەی سلیزی بەرزدەبێتەوە".

گوتیشی: "لە پارێزگاكانی بەغدا و نەجەف و موسەننا پلەی گەرما گەیشتووەتە 50 و لە رۆژانی داھاتوودا پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە".

راشیگەیاند: "ئەو شەپۆلەی گەرما تا كۆتایی ھەفتە بەردەوامی دەبێت، دواتر كەشوھەوا ئاسایی دەبێتەوە".

جابری، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو گەرمایە كاریگەری خراپی بۆ تەندروستی ھاووڵاتییان دەبێت، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییان دەكەین، خۆیان بپارێزن و زیاتر ئاو و شلەمەنییەكان بخۆنەوە".

باسی لەوەشكرد: "سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا كەمە، ئەمەش دۆخەكەی خراپتر كردووە".