هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ماهه‌نگی دەکەن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی كەمپی شێخانی کرد لە دھۆك
kurdistan24.net

 

K24 - شێخان

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد، کە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەری لێیە، چاوی بە بەشێکی ئاوارەکان کەوت و پەیمانی دا هاوکاریان دەبن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان.

ئیڤان فایەق، سەرەتا لەگەڵ قایمقامی شێخان کۆبووەوە و باسیان لەو ئاوارانە کرد کە لە قەزاکە نیشتەجێن، دواتر لەگەڵ میری ئێزدییان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا میر حازم تەحسین بەگ، باسی لە گلەیی و داخوازییەکانی ئێزدییان کرد و داوای کرد وەزیری کۆچ و کۆچبەران هاریکاریی ئێزدییان بکات.

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە کەمپی شێخانەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و رایگەیاند: "هاتووینەتە ئەو کەمپە تاوەکو بزانین ئەو هۆکارانەی رێگا لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەگرن چین، ئەمەش لەرێگەی چاوپێکەوتنی راستەوخۆمان لەگەڵ ئاوارەکان، هەروەها بۆ زانینی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان دەکرێت، لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆجبەران لە دهۆک".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا وەزیری کۆچ و کۆچبەران گوتی: "بەڕاستی دەبێت پلانێک لەنێوان وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ پشتیوانیکردن لە ئاوارەکان بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرێنییەوە لە پێشنیازەکانی وەزارەتەکەمانی روانی، هەروەها وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانیش زۆر راشکاو بوو... لە داهاتوودا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی زۆربەی ئەو مژارانەی ئاوارەکان پێویستییان پێی هەیە".

14 کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن، هەمووانیش گلەیی دەکەن لە نەبوونی هاوکاری و هیواخوازن ئەو سەردانە تەنیا بۆ بەڵێنپێدان نەبێت.

 

هـ.ر.