خالید شوانی: هه‌وڵمانداوه پێداچوونه‌وه به سیاسه‌ت و ئیداره‌ی پێشووی نه‌وتدا بكه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ دانوستان لە لەگەڵ بەغدا، له میانی دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا له وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتاراندا رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵی ده‌دا مه‌رجی سیاسی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا بسه‌پێنێت، به‌ڵام شاندی دانووستانكاری هه‌رێم نه‌چووه‌ته ژێر باری ئه‌و مه‌رجانه‌وه و دوا په‌یامی به‌غداش كه به ده‌ستمان گه‌یشتووه، وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن زیاتره و خاڵی هاوبه‌ش زیاتر بوون و خاڵی ناكۆك كه‌متر بوون و ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم كرانه‌وه‌یه به رووی به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه. گوتیشی: ئێمه‌ش ره‌خنه و گله‌ییه‌كی زۆرمان له باره‌ی دۆسییه‌ی نه‌وت و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان هه‌یه و ئه‌و پرسیار و ره‌خنه و سه‌رنجانه‌ی ئێوه هه‌تانه ئێمه زۆر له‌وه زیاتر له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران باسی ده‌كه‌ین.
پوخته‌ی وته‌كانی خالید شوانی
له رووی ستراتیژییه‌وه كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا به دوو ئاراسته‌یه. یه‌كه‌میان گه‌یشتن به رێككه‌وتنی كاتییه، بۆ دابینكردنی مووچه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه تا كۆتایی 2020.
له‌م رووه‌وه، ئه‌وان وه‌ك سزایه‌ك، ئه‌و 458 ملیار دیناره‌ی ده‌هات بۆ هه‌رێم بڕییان و له مانگی شوباته‌وه تا ئێستا خه‌ریكی دانووستانین بۆ چاره‌سه‌ر.
دانووستانه‌كان به كه‌شوهه‌وایه‌كی قورس و ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕن، قورسه چونكه حكومه‌تی ئیتیحادی ئاگاداری ره‌وشی ئابووری هه‌رێمن و ده‌زانن كارته‌كانی ئێمه چین. له سه‌ره‌تای دانووستانه‌وه هه‌وڵیانده‌دا مه‌رجی سیاسی بسه‌پێنن و ته‌نانه‌ت ته‌جاوزی مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بكه‌ن. شاندی دانووستان خۆڕاگر بوو، ئاماده‌ی ئه‌و جۆره سازشانه نه‌بوو.
چه‌ندین هه‌وڵ و گه‌ڵاڵه هه‌یه بۆ دانووستان. دوا هه‌وڵه‌كان ئه‌وه‌یه، دوا پێشنیاز له لایه‌ن حكومه‌تی ئیتیحادی گه‌یشتووه‌ته ئێمه و ئێمه‌ش وه‌ڵاممان ناردووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش هیوایه‌كمان پێده‌به‌خشێت. تا ئێستا كێشه ماوه له نێوانمان، به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونیش هه‌یه. خاڵی هاوبه‌شمان زیاتر بووه و خاڵی ناكۆك كه‌مبوونه‌ته‌وه. لایه‌نه‌كان كه پشتیوانی ئه‌م رێككه‌وتنه ده‌كه‌ن، رۆڵی گه‌وره ده‌گێڕن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه رێككه‌وتن. بۆ دوای جه‌ژن ره‌نگه سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له باره‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسانه بكه‌ین بۆ كۆتایی ئه‌مساڵ. ساڵی داهاتووش كار له‌سه‌ر پرسی بودجه ده‌كه‌ین و دانووستان له‌و باره‌یه‌وه ده‌كه‌م.
ئه‌و تێبینی و ره‌خنه و پرسیارانه‌ی ئێوه هه‌تانه له‌سه‌ر دۆسییه‌ی نه‌وت، ئێمه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به زیاتر باسی ده‌كه‌ین. ده‌بێت جیاوازی له نێوان دوو شت بكه‌ین، بابه‌تی یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مافی خه‌ڵك بۆ كۆنترۆڵكردنی سامانی خۆی ودووه‌میش له‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن و به‌كارهێنانی له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێشووتر. زۆر هه‌وڵمانداوه پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تی پێشووتری نه‌وت و ئیداره‌ی پێشووی نه‌وت بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به شێوه‌یه‌ك شه‌فاف بین بتوانین رووبه‌ڕووی به‌غدا ببینه‌وه و كارتی ئێمه له رووی دانووستانه‌وه به‌هێزتر بكات. ئه‌و ره‌خنانه‌ی ئێوه هه‌تانه، ئێمه‌ش هه‌مانه. ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه ئه‌وه‌یه چۆن باشی بكه‌ین. كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه و ئه‌و دۆسیه‌یه‌ش بۆ كۆتایی ساڵ یه‌كلاییبكرێته‌وه.
یاسای قه‌رز ده‌ڵێت حكومه‌تی عێراق بۆی هه‌یه 5 ملیار دۆلار قه‌رزی ده‌ره‌كی بكات و 15 ملیار دۆلاریش ناوخۆیی بكات. بڕگه‌یه‌ك له یاساكه هه‌یه، ئه‌و بڕه قه‌رزه‌ی وه‌رده‌گیرێت ده‌بێت بۆ هه‌موو پارچه‌كانی عێراق به دادپه‌روه‌ری دابه‌ش بكرێت. ئه‌گه‌ر بگه‌ینه رێككه‌وتن، رێژه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه له‌و قه‌رزه نێوده‌وڵه‌تیانه دێت بۆ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌گه‌ر بگه‌ینه رێككه‌وتن.
مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كان
كاتی خۆی وه‌زیری سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كردبوو، مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی خستبووه سه‌ر به‌غدا. له به‌غداش له بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بڕا و مووچه‌ی ئه‌وانی پێ ده‌درا. ئێستا له‌گه‌ڵ بڕینی یه‌كجاری مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی ئه‌وانیشیان بڕیوه. ئه‌مه ناهه‌قییه‌كی گه‌وره‌یه. قسه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی و وه‌زیری سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق و ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه و كێشه‌كه‌یان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕوات.
له‌گه‌ڵ به‌غدا
ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وین. كارت و بژارمان كه‌مه. ئێمه‌ش ره‌خنه و تێبینیمان زۆره بۆ سه‌رچاوه‌ی داهاتمان و داهاتی نه‌وت كه‌مه، به‌ڵام ره‌وشێك له ئارادایه و ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وین، به‌ڵام نه‌ك ئه‌وان بێن، مه‌رجی سیاسی بچه‌سپێنن و ئه‌و كیانه‌ی به خوێن بنیاتنراوه، له بار ببرێت.
گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان
تا ئێستا عێراق له رووی یاساییه‌وه دانی به گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمدا نه‌ناوه، به‌ڵام به كرده‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه كراوه. چاره‌سه‌ریش بۆ ئه‌و پرسه دۆزراوه‌ته‌وه.
به‌رنامه‌ی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ به‌غدا كرانه‌وه‌یه. شانده‌كه‌شمان به باشی ئیداره‌ی دۆسیه‌ی دانووستانی داوه. دوێنێ كۆبوونه‌وه‌مان هه‌بوو له‌سه‌ر ناوچه‌ی جێناكۆكه‌كان و ئه‌گه‌ر پرسی مووچه و بودجه ته‌واو بێت و چاره‌سه‌ر بكرێت ده‌كرێت خۆمان بۆ ئه‌و پرسانه‌ش ته‌رخان بكه‌ین.