دادگا بە بیانووی "ونکردنی بەڵگەکان" دەمیرتاش و یوکسەکداغی ئازاد نەکرد

پارێزەری دەمیرتاش بۆ کوردستان24: نزیکەی 10 مانگە دەمیرتاش دادگای نەبینیوە
kurdistan24.net

 

K24 - ئەنقەرە

جارێكی دیكە دۆسیەی دادگاییكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداخ، ھاوسەرۆكانی پێشووی ھەدەپە بەڕێوەچوو، بەڵام بە بیانووی ونكردنی بەڵگەكان و گومانی ئەنجامدانی تاوانی گەورە، بڕیاردرا ھەردووكیان ئازاد نەكرێن.

دادگا بۆ بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتە پارێزەرەكانیشی ئاگادارنەكردووەتەوە، پارێزەرانی دەمیرتاش و پەرلەمانتارانی ھەدەپەش دەڵێن، ئەمە پێشێلكارییەكی روونی یاسایە.

دۆسیەی فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبارەی چالاکییەکانی کۆبانێیان لە ساڵی 2014 رۆژی 27-7-2020 لە دادگای ئەنقەرە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بەڵام دادگاییکردنەکە بەبیانووی "لەنێوبردنی بەڵگەکان" هەروەها "گومانی تاوانی گەورە" بڕیاریدا هەردوو هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازاد نەکرێن و بڕیاری زیندانیکردنیان درێژکرایەوە.

مەسعود ئۆزەر، پارێزەری دەمیرتاش بە کوردستان24ـی راگەیاند "نزیکەی 10 مانگە دەمیرتاش دادگای نەبینیوە، ئەو دادگایەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغیشی داوە، ئەوانی نەبینیوە، هەروەها ئێمەشیان وەکو پارێزەر نەبینیوە، بەڕاستی ئەو بڕیارە هەڵەیە و بەڕێز دەمیرتاش خۆی وەکو زیندانییەکی سیاسی دەبینێت".

دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە ساڵی 2016ـەوە بە چەندین تۆمەتی جیاواز دەستبەسەرن و زیاتر لە سێ ساڵ و نیوە لە زینداندان.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هەتاوەکو ئێستا 39 جار دادگاییکراوە؛ لەکاتێکیشدا داگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری تورکیا بڕیاری ئازادکردنیان داوە، ئەو هێشتا ئازاد نەکراوە و لە زیندانە.

 

هـ.ر.