پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان دەکرێت

زۆرینەی فراکسیۆنەکان پشتگیری پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان دەکەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە هەنگاوێکی دیکەی چاکسازییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکات و گرێبەستەکانیش بۆ وردبینی بنێرێتە دیوانی چاودێری دارایی، لایەنەکان ئەم هەنگاوەی حکومەت بە گرنگ دەزانن و پشتگیریشی دەکەن ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانیش وردەکاری ئەو بڕیارە دەخاتەڕوو.

تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان بە پەرلەمانتارانیان راگەیاند كە ئەو بڕیارە دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكان بەشێكە لە پڕۆژەی چاكسازی و زۆربەی فراکسیۆنەکان پشتیگری ئەم هەنگاوەی چاکسازی دەکەن. پەرلەمانتارێکی گۆڕان ئەم هەنگاوە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، دەبێتە هۆی زیادکردنی سەرچاوەی داهات.

هەنگاوی یەکەمی چاکسازی لە کەرتی نەوت لەوەوەو دەستیپێکردوە کە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ وردبینی دەنێردرێتە دیوانی چاودێری دارایی و دواتریش پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان دەکرێت کە پێشتر ئەم وردبینیە نەدەکرا. ئەمەش لە کاتێدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیانی دیلۆیت وردبینی بۆ دەرهێنان و فرۆشتن و وردەکاری دیکەی کەرتی نەوت دەکات و چەند مانگ جارێک راپۆرت بڵاودەکاتەوە.