پەیوەندییە "چارەنووسسازەكەی" نێوان شا فەھد و بوش لە ئێوارەی داگیركردنی كوێت لە لایەن عێراقەوە

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ بخوێنه‌وه‌

K24- ھەولێر

رۆژنامەی "ئەلئەنباء"ـی كوه‌یتی دەقی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی بڵاوكردەوە، كە ئێوارەی رۆژی ھێرشكردنی عێراق بۆ سەر كوه‌یت لە نێوان پادشای ئەو كاتی سعوودییە، فەھد بن عەبدولعەزیز و سەرۆكێ ئەو كاتی ئەمەریكا، جۆرج بوشی باوك ئەنجامدراوە.

له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا، شا فەھد، دەربارەی سەدام دەڵێت: "ملھوڕە و ھیچ شتێك لەگەڵ ئەو سوودی نییە، جگە لە بەكارھێنانی ھێز".

ھەروەھا شای سعوودیە دەڵێت: "ئەو ھەر ئەو رۆژە لەگەڵ سەدام قسەی كردووە و بەبیری ھێناوەتەوە، كە خۆی "لە  لووتكەی بەغدا پێشنیازی پەیماننامەی ھێرش نەكردنە سەر وڵاتانی عەرەبیی كردووە" و دەڵێت: "سەدام درۆزنە، خۆی لە پەیوەندییەكەدا شێلگیرانە پێی گووتووە، دەبێت ھەر ئێستا لە كوێت دەرچێت".

بوشی باوكیش لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بە شای سعوودییەی راگەیاندووە، حكومەتەكەی ئامادەكاری دەكات بۆ "بژاردەكان لە سەر ئاستی دیپلۆماسی، سەربازی و ئابووری.. ھەروەھا  لێكۆڵینەوە لە بژاردەی دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازی زیاتریش دەكەینەوە".

بوش داوای لە شا فەھد كردووە، بە میری كوێت، جابر ئەلئەحمەد ئەلسه‌باح، "رابگەیەنێت كە پشتگیریی لەو دەكەین و زۆر قێزی لەو كارە دڕندانەیە،  كە دژ بە وڵاتەكەی ئەنجامدراوە.

دەقی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، یەكێك بووە لەو بەڵگەنامانەی، دەستەڵاتدارانی ئەمەریكا لە ساڵانی رابردوودا لە نھێنییان دەرخستووە و رۆژنامە كوێتییەكە بەم شێوەیە بڵاوی كردووه‌تەوە:

سەرۆك: شكۆدار تۆ چۆنی؟

شا فەھد: ببوورە كە دواكەوتم لە وەرگرتنی تەلەفۆنەكەت.

سەرۆك: كێشە نیە، ویستم ئاگادارت بكەمەوە لەوەی كە بیری لێدەكەینەوە، گرنگتریش ئەوەیە، گوێمان لە راكانی تۆ بێت دەربارەی داگیركارییەكە.

شا فەھد: سەرەتا سوپاست دەكەم بۆ بایەخدانت بەم كێشەیەی، كە مەترسیدارترینیانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە لایەن دەوڵەتێكەوەیە، كە واتای ھاوسێیەتی نازانێت. رای من دەربارەی ئەم ھەڵوێستە، شتێكی زۆر قورسە.

دەبێت بە زووترین كات و بەھەر شێوەیەك بێت رابگیرێت، چونكە كارێكی زۆر مەترسیدارە، كاتێك دەبێتە پرەنسیپ و دەوڵەتێك ھێرش دەكاتە سەر دەوڵەتێكی دیكەی بچووك بە رێگای سوپاوە.

سەرۆك: رێك وایە.

شا فەھد: ئەو ھێرشە لە كاتژمێر 2:30 بەرەبەیان بە كاتی سعوودییە بووە، وەك دەزانیت پێش دوو رۆژ ئێمە نوێنەرمان لە عێراق و كوێت ھەبوون.

ھەوڵمدا گونجان لە نێوان ھەڵوێستەكان درووست بكەین و ھەردوو لایەنیش ئامادەیی خۆیان بۆ ئەمە دەربڕی.

بڕیار بوو شاندێك لە كوێتەوە سەردانی عێراق بكات، دانیشتنێكی دیكەش لە كوێت ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بگەن بە رێككەوتنێك.

بەڵام بە داخەوە، ھەرچەندە سەدام دووپاتیكردەوە، كە نیازی ھێرشكردنە سەر كوێتی نیە، بەڵام ئەوە روویدا، پێچەوانەی به‌ڵێنه‌كانی بوو.

سەرۆك: رێك وایە.

شا فەھد: ئەمە لە بەر ئەوەی لەخۆباییە.. نازانێت ئەنجامی ئەوەی كردوویەتی، سیستەمی جیھانی تووڕە دەكات. وا دیارە ئەو تەنیا بیر لە خۆی دەكاتەوە، ئەو پەیڕەوی ھەنگاوەكانی ھیتلەر دەكاتەوە لە درووستكردنی كێشە بۆ جیھان، یەك جیاوازیان ھەیە، یەكێكیان لە خۆباییە و ئەوەی دیكەیان زیاتر لە خۆباییە و شێتیشە.

لەو بڕوایەدام ھیچ شتێك لەگەڵ سەدام سوودی نیە جگە لە ھێز.

كاتژمێر 4ی بەیانی بە كاتی سعوودیە لەگەڵ سەدام قسەم كرد و پێمگووت، كە ھەڵە دەكات، بە چ یاسا یان لۆجیكێك بەھێزی سەربازییەوە ھێرش دەكاتە سەر وڵاتێكی بچووك؟ بەبیریشم ھێنایەوە، كە لە لوتكەی بەغدا، پێشنیازی كردبوو پەیماننامەی ھێرش نەكردنە سەر دەوڵەتانی عەرەبی و ده‌ستوه‌رنه‌دان لە كاروباری ناوخۆیی یەكتردا ھەبێت.

ئەو.. درۆزنە.

تەلەفۆنەكەی من ئەمڕۆ لەگەڵ ئەودا راگیرانە و توند بوو و پێمگووت، دەبێت ھەر ئێستا لە كوێت پاشەكشە بكات، ئێمە قبووڵی ھیچ رژێمێك ناكەین نوێنەرایەتی رای كوێتی و عەرەبی بكات.

سەدام بە منیشی گووت، ھەوڵیداوە لەگەڵ كوێت بگاتە رێككەوتن، بەڵام كوێت، وڵامی نەداوەتەوە.

پێم گووت: ئەمە پاساو نییە، ئەگەر كوێت وڵامی نەدابێتەوە، دەیتوانی پەیوەندی بە ئێمەوە بكات و ھەوڵ بدەین بگەن بەڕێكەوتنێك.

ھیچ بیانووی نییە بۆ بەكارھێنانی (ئەو شتە) لە قسەكانیدا.

بۆیە دەڵێم ئەو ملھوڕە، وادەزانێت ئەوەی كردوویەتی زۆر بە ئاسانی دەرباز دەبێت.

دواتر بە منی گووت: رێگام بدە، جێگری سەرۆك رەوانە بكەم بۆ دیدارت لە كاتژمێر 11ی بەیانی بە كاتی سعوودیە.

گووتم: ئەگەر ھەڵەی خۆتت زانی و لە كوێت پاشەكشەت كرد، ئەو كات دەكرێت جێگری سەرۆك ببینم.

دیسان دووبارەی كردەوە، كە رێگا ھەبێت سبەی نوێنەرەكەی ببینم بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك.

پێمگووت، بەرپرسیاری سەلامەتی ھەموو ئەوانەی لە كوێت دان، بە كوێتی و ناكوێتییەوە دەكەوێتە ئەستۆی ئەو.

بەڕێز سەرۆك، سبەی پێشوازی لە نوێنەرەكەی دەكەین و بە كورتی قسەی لەگەڵ دەكەین، یان دەبێت ھێزەكانی عێراقی بە خشكەیی پاشەكشە بكات، یان دەبێت نوێنەرەكەی بەخێرایی بگەڕێتەوە.

پێویستە سەدام ھێزەكانی لە كوێت بەپەلە بكشێنێتەوە، نەوەك چارەسەری دیكە بەكارھێنانی ھێز دەبێت.

بەڕێز سەرۆك، ئەمە مەسەلەیەكی زۆر مەترسیدارە، پرێنسیپێكی لەخۆوەگرتووە، بەھیچ لۆجیك و ئاكارێك قبووڵ ناكرێت.

موبارەك پەیوەندیی پێوەكردم بۆ بەستنی لوتكەیەكی عەرەبی.

پێمگووت: ھەنگاوێكی چاكە، ده‌بێت سەركردە عەرەبەكان بڕوابێنن، كە ئەوەی روویداوە زۆر مەترسیدارە،  بەرێگای موبارەك و خۆمەوە دووسبەی كار دەكەین لە سەر بەستنی لوتكەكە.

سبەی نوێنەری سەدام ئاگادارم دەكاتەوە لەوەی كە شتەكان راست دەكاتەوە و لە كوێت پاشەكشە دەكات یان نا.

ھەر زانیارییەك لە نوێنەری سەدامم دەستكەوت بە تۆی رادەگەیەنم.

بەڕێز سەرۆك،  ناكرێ بێدەنگی بنوێنرێت لەوەی سەدام كردوویەتی.

ئومێدەوارم شتەكان بە ئاشتیانە چارەسەر بكرێن، ئەگەر نەشبوو، دەبێت دەرسێك بە سەدام بدەین، كە تا لە ژیاندا ماوە لە یادی نەچێت.

دەمەوێت سوپاسی تۆ و سوپاسی گەلی ئەمەریكا و ئەورووپاییەكان و جیھان بكەم لەسەر ئەو ھەڵوێستە نەگۆڕەیان بەرانبەر ئەوەی سەدام كردوویەتی، بۆ ئەوەی ئەو ھەڵە كوشندەیەی خۆی بزانێت.

ھەروەھا رێگام بدە پێشنیازی ئامادەكارییەكان بكەم، چونكە ئێمە دەزانین سەدام چی دەكات.

ئەم زانراوەیە بۆ تۆیە، ئێستاش ھیچ پرسیارێكت ھەیە؟ ھیوادارم وەك ھاوڕێ پرسیار بكەی و منیش وەك ھاوڕێ وڵامت دەدەمەوە.

سەرۆك: یەك پرسیارم ھەیە، ئایا سەركردایەتی كوێت لە سعوودیەنە، میر و جێنشین، ئایا ئەوان سەلامەتن؟

شا فەھد، ژمارەیەكی زۆر لە خێزانی فەرمانڕەوا لە سعوودیەنە و ئێستا سەلامەتن و جێگای خۆشاڵیمانە.

سەرۆك: زۆر باشە، لەگه‌ڵ سۆڤیەت كار دەكەین بۆ بەیاننامەیەكی ھاوبەش كە ئیدانەی داگیركاری عێراقی بكات، كاتێك كە (بێكەر) بەم نزیكانە دەگاتە مۆسكۆ بۆ دەرخستنی بەیاننامەیەكی بەھێز و ھاوبەش لە نێوان ئێمە و سۆڤییەتدا.

شا فەھد: ئەمە ھەواڵی زۆر باشە.

سەرۆك: ئامانجی ئێمە لەگەڵ ئامانجی ئەوان دەگونجێت، دەرخستنی عێراقە و گەڕاندنەوەی سەروەری كوێتە.

شا فەھد: بە سەدامم راگەیاند، ئەم حكومەتە نیشتیمانییە لە كوێت(ئەو حكومەتەی سەدام پێكیھێنا) بەسەر ئێمەدا دەرباز نابێت، ئێمە دەزانین ھیچ كەسێ لە كوێت قبووڵی لابردنی حكومەتە رەواكەی ناكات، ئەگەر سەركردایەتییەكیش لە عێراق بۆ كوێت بێنن، ئەوەش ھەرگیز قبووڵ ناكرێت.

سەرۆك: فێڵكردن و ھەڵخەڵەتاندنێكی تەواوە.

شا فەھد: لە ئەمڕۆ تا سبەی راستی ھەڵوێستەكە دەزانین.

سەرۆك: سوپاس، لەم كاتەدا ئەوە دەكەین كە تۆ دەرتبڕی، لە حكوومەتی خۆمدا ئامادەكاری دەكەین بۆ بژاردەكان لە سەر ئاستی دیپلۆماسی، سەربازی و ئابووری.

لێكۆڵینەوەی زیاتریش لە بژاردەكانی دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازی دەكەین.

سزای ئابووری گشتگیرمان جێبەجێكرد، ئێستا لێكۆڵینەوە لە ھەندێك رێكاری دیكەی ئابووری دەكەین دژ بە عێراق بەپێی بەشی ھەفتەم لە پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان.

ھەندێك رێكاری دیكە ئەگەری راگرتنی ھەناردەكردنی نەوتی عێراقی لە بەرچاو بگیرێت، بەداخستنی بۆرییە نەوتییەكانی یان بەرێگای ئەو ئابڵوقەیەی بە سەر عێراقدا سەپێنراوە.

دیارە ئێمە پێویستیمان بە گفتوگۆی زیاترە بۆ قسەكردن لەسەر كۆمەڵە بژاردەیەكی دیكە، بەڵام من ئومێد دەكەم ھەوڵەكانی عەرەبی بگاتە پاشەكشەكردنی و گەڕانەوە شەرعیەت بۆ كوێت.

شا فەھد: ئێمەش ئومێد دەكەین ھەوڵەكانی عەرەبی سەركەوتوو بن، بەڵام گشت ئەو رێكارانەی وەرگیراون و ئەو بژاردانەی كە باست كردن سوودمەند دەبن بۆ رێگاگرتن لە سەدام.

سەرۆك: لە سعوودیە، پێمانوایە دەبێت لێكۆڵینەوە لە TACAIR بكرێت، كە پێویستیمان بە گفتووگۆكردن ھەیە لەم بارەوە لەگەڵ تۆ، چونكە ئاساییشی ئێوە بۆ ئێمە گرنگە و دەمانەوێت ھەر شتێك كە بكرێت ئەنجامی بدەین بۆ ئەوەی رێگری لە سەدام بكەین لە ھەر رێكارێكی دوژمنكارانە دژ بە شانشین و بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێوە كار بكەین بۆ ئەنجامدانی ھەر ھەنگاوێكی پێویست بۆ ناچاركردنی سەدام بۆ پاشكشەكردن لە كوێت.

شا فەھد: سوپاس بۆ تۆ سەبارەت بەوەی دەربارەی شانشینی عەرەبی سعوودیەت گووت، بەپێی ئەوەی كە سبه‌ی روودەدات، دڵخۆش دەبم كە لەگەڵ تۆدا باسی بكەم.

سەرۆك: تۆ دەزانی ئێمە جووڵه‌ بە كەشتیە فڕۆكە ھەڵگرەكان دەكەین لە نزیك كەندوا، لەو بڕوایەداین كاری عەرەبی بە كۆمەڵ سوودی دەبێت، دەستخۆشی لە ھەوڵەكانت دەكەین، بۆ بەیانیش ئومێد دەكەین سەركەوتن بەدەست بێنن، چاوەڕیی بیستنی ئەنجامەكان دەبم لە تۆوە.

شا فەھد: سوپاس بۆ بایەخدانت، بەناوی گەلی سعوودیەوە سوپاست دەكەم.

سەرۆك: داوایەكی دیكەم ھەیە، تكایە سڵاو و رێزم بە خودی میر شێخ جابر بگەیەنە و پێیڕابگەیەنە، كە من بەقووڵی قێزم لەم كارە دڕندانەیە دژ بە وڵاتەكەی، پێیڕابگەیەنە، ئێمە پشتیوانیی دەكەین و پێزانینیشم ھەیە بۆ تۆ لە پێڕاگەیاندنی قسەكانم.

شا فەھد: ئەمانە بە میر ڕادەگەیەنم.

سەرۆك: سوپاس بۆ تۆ، خودا تۆ و گەلی سعوودیە بپارێزێت، بەختێكی باش لە ھەوڵە قارەمانییەكانتدا بەرەو ئاشتی.

شا فەھد: سوپاس بۆ تۆ، سوپاس بۆ دۆستایەتی نێوان شانشین و ویلایەتە یەكگرتووەكان كە بۆ زیاتر لە 60 ساڵە.

سەرچاوە: ئەلئەنباء

وه‌رگێڕانی: م.ئ