باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا مووشەکێکی کاتیۆشای تێکشکاند

حەوت کاتیۆشا لە ناوەڕاستی بەغدا دەستیان بەسەرداگیرا

K24 - هەولێر

مووشەكێکی كاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا كرا، به‌ڵام لەلایەن سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئەمەریکی ناسراو بە (سی رام) تێكشكێندرا.

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، شەوی رابردوو (سێشەممە، 4-8-2020) مووشەكێکی كاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا كراوە، کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی مووشەکی سی رامی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا تێكشكێندرا و، باڵیۆزخانەی ئەمەریكاش زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێداوە.

دەستبەسەرداگرتنی حەوت کاتیۆشا لە ناوەڕاستی بەغدا

تێکشکاندنی ئەو مووشەکە لەکاتێکدایە، سوپای عێراق رایگەیاند لە ناوەڕاستی بەغدا دەستیان بەسەر حەوت کاتیۆشادا گرتووە لەگەڵ سەکۆی ئاراستەکردنیان، کە ئامادەکراون بۆ ئەوەی رووەو ناوچەی سەوزی بەغدا بنێردرێن.

لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، فەرماندە لە دەستەی حەشدی شەعبی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە بەغدا، هێرش دژی ئەمەریکییەکان زیادی کردووە.

واشنتن کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و گرووپەکانی دیکەی نزیک لە ئێران تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، هێزەکانی ئەمەریکا لە حەوت بنکەی سەربازیی لە عێراق جێگۆڕکێیان پێکراوە.

بەگشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هێرش، شوێنی بەرژەوەندییە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکایان لە عێراق کردووەتە ئامانج، بەڵام لەماوەی ئەم چەند مانگەی دواییدا تاڕادەیەک هێرشەکان کەمتر بوونەتەوە.

 

هـ.ر.