نادین نەجم بریندارە و شەش کاتژمێر لەژێر نەشتەرگەریدا بووە

"نیوەی جەستە و رووخسارم خەڵتانی خوێن بوو"

K24 - هەولێر

نادین نەجم، ئەکتەری بەناوبانگی لوبنانی لەئەنجامی تەقینەوەکەی دوێنێی بەیرووت بریندار بوو و شەش کاتژمێر لەژێر نەشتەرگەریدا بووە.

بەهۆی نزیکیی ماڵی لە شوێنی تەقینەوەکە، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە نادین و هەردوو منداڵەکەی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، نادین دەڵێ خۆی و هەردوو منداڵەکەی لەژیاندا ماون، بەڵام رەوشی تەندروستیی خراپە.

لە پەیامەکەیدا نادین نووسیویەتی "سوپاسی خوا دەکەم، کە تەمەنێکی نوێی پێبەخشیم. تەقینەوەکە لێمانەوە نزیک بوو، لەراستیدا قسە وەک دیمەنەکە راستییەکان نیشان نادات، هەرکەسێک بچێتە ماڵەکەم دەبینێت خوێن لە هەموو شوێنێکییەتی و هەموو شتەکانمان شکاون، ناشڵێ ئێمە ئێستا زیندووین".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نادین شێوازی خۆڕزگارکردنی دەگێڕێتەوە، دەڵێ "هەزار جار سوپاس بۆ خوا کە هێزی ئەوەی پێدام 22 نهۆم بە پێی پەتی بێمە خوارەوە، لەکاتێکدا هەموو گیانم خوێنبوو و خۆم رزگارکرد".

دوای ئەوەی لە باڵەخانەکە هاتووەتە خوارەوە نادین چووەتە نەخۆشخانەیەک، بەڵام بەهۆی زۆریی نەخۆشەکان وەریاننەگرتووە و لە نەخۆشخانەیەکی دیکە چارەسەری پێدراوە، باس لەوەش دەکات "شەش کاتژمێر لەژێر نەشتەرگەریدا بووم، چونکە نیوەی رووخسار و جەستەم خەڵتانی خوێن بوو".

نادین نەجم، ئەکتەر و نمایشکار کە لە ساڵی 2004 ناسناوی شاجوانی لوبنانی بەدەستهێناوە، لەدایکبووی ساڵی 1984ـە و بەوە ناسراوە لە زۆربەی زنجیرە رۆمانسییەکاندا رۆڵی سەرەکی دەبینێت.

نادین و دوو منداڵەکەی، وێنەکە لە ئینستاگرامی خۆی بڵاوکراوەتەوە
نادین و دوو منداڵەکەی، وێنەکە لە ئینستاگرامی خۆی بڵاوکراوەتەوە

هـ.ر.